راهێنەری تۆتنهام بەتەمای شۆڕشێكە

:: PM:12:22:16/05/2018 ‌

ماوریسیۆ بوكیتینۆی ئەرجەنتینی و راهێنەری یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی بەتەمایە بۆ وەرزی داهاتوو شۆڕشێكی گەورە لە پێكهاتەی تیپەكەیدا ئەنجام بدات تا ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بكات.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: بوكیتینۆ بڕیاریداوە 5 یاریزانی تیپەكەی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بفرۆشێ و بە پارەكەیان گرێبەستی نوێ ئەنجام بدات.

بوكیتینۆ لەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزیدا توانیبووی یانەكەی لە ریزبەندی چوارەم جێگیری بكات و پلیتێكی بەشداریكردن لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بۆ وەرزی داهاتوو بەدەست بێنێ.

راهێنەری یانەی تۆتنهام خوازیارە سەرۆكی یانەكەی پاڵپشتی بكات و پارەیەكی زەبەلاح ئامادە بكات تا لە وەرزی داهاتوودا گرێبەستی یاریزانانی نوێ ئەنجام بدات و بتوانێ ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بكات.

بەگوێرەی سەرچاوەكە بوكیتینۆ گڵۆپی سەوزی بۆ فرۆشتنی یاریزانانی تیپەكەی تۆنی درفێڵد، دانی رۆز، مووسا دێمبلی، فرناندۆ لۆرێنتی و مووسا سیسۆكۆ هەڵكردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م