ئینێستا لەنێوان چین و ژاپۆن دوودڵە

:: PM:01:19:16/05/2018 ‌

ئەندرێس ئینێستای كاپتن و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دانی بەوەدانا كە تا ئێستا دوودڵە بۆ وێستگەی داهاتووی لەنێوان خولی چین و ژاپۆندا.

ئینێستا یەكشەمی داهاتوو دوایین یاریی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو ئەنجام دەدات كاتێك لە گەڕی 38ی خولەكەدا رووبەڕووی یانەی ریال سۆسیداد دەبێتەوە.

ئینێستا /34 ساڵ/ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی (ئۆندا سیرۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند: دوو بژاردەم بۆ وێستگەی داهاتوو لەبەردەمە ئەوانیش چین و ژاپۆنن، دەستەوارەكانی هەردوو خولەكە باشن و دوای بەراوردكردن هەفتەی داهاتوو یانە نوێیەكەم هەڵدەبژێرم.

هەروەها رایگەیاند: هەفتەی داهاتوو دوای ئەنجامدانی دوایین یاریم لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، وێستگەی داهاتووم هەڵدەبژێرم، ئاواتەخوازم بەر لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا سەرجەم كارەكانی گواستنەوەكەم تەواو بكەم بۆ ئەوەی لە پاڵەوانیەتییەكەدا تەنیا بیر و هزرم لەلای هەڵبژاردەی ئیسپانیا بێت.

جێی باسە ئینێستا ماوەیەك پێش ئێستا دوای 22 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاری جێهێشتنی یانەكەی دابوو و جەختیشی كردبووەوە وێستگەی داهاتوو و كۆتایشی خولی چین یان ژاپۆن دەبێت و بەهیچ شێوەیەكیش جگە لە یانەی بەرشەلۆنە یاریی بۆ هیچ یانەیەكی ئەوروپی ناكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م