هۆكاری تووشبوون بە شێرپەنجەی دەم چییە؟

:: PM:01:47:16/05/2018 ‌
شێرپەنجە یەكێكە لە نەخۆشییە كوشندەكانی لەش و بەهۆی زۆر دابەشبوونی خانەكان یان تێكچوونی كرۆمۆسۆمەكانی لەشەوە دروست دەبێت، چەندان جۆری شێرپەنجەی جیاواز هەیە و هەر جۆرێكیان هۆكاری دروسبوونی تایبەت بەخۆی هەیە .هەندێك هۆكاری مەترسیدار هەن كە دەبنە هۆی گەشەكردنی شێرپەنجەی دەم و دروستبوونی، لێرەدا باس لە گرنگترین ئەو هۆكارانە دەكەین كە دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی دەم .

یەكەم: تەمەن: بە دیارترین هۆكاری دروستبوونی نەخۆشی شێرپەنجە دادەنرێت، شارەزایان دەڵێن بەشێوەیەكی گشتی زۆر كەس كە تەمەنیان دەگاتە سەروو 45 ساڵ دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی دەم دەبنەوە.

دووەم: ڕەگەز، پیاوان زیاتر تووشی شێرپەنجەی دەم دەبنەوە لەچاو ئافرەتاندا ، نزیكەی دوو لەسەر سێی تووشبووانی شێرپەنجەی دەم پیاوانن.

سێیەم: نەژاد یان رەچەڵەك، بەپێی شارەزایانی پزیشكی، نەخۆشی شێرپەنجەی دەم زیاتر تووشی ئەفریقی و ئەمەریكییەكان دەبێت لەچاو دانیشتووانی تری دنیا.

چوارەم: هۆكاری بۆماوەیی، ئەگەر یەكێك لە ئەندامانی خێزانێك پێشتر تووشی شێرپەنجە بووبێت، ئەوا ئەگەری هەیە لە كەسێكی تری خێزانەكەدا دووبارە ئەم نەخۆشییە سەرهەڵبداتەوە، زیاتریش نەخۆشی خانەی پولەكەیی، یان شێرپەنجەی دەم، بەشێوەی بۆماوەیی دەگوێزرێنەوە.

ئەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی دەم:
جگەرەكێشان، خواردنەوەی ڕێژەیەكی ناتەندروست لە ماددە كحولییەكان، زۆر خۆدانە بەر تیشكی خۆر، پاك ڕانەگرتنی دەم، خواردنەوەی زۆر گەرم، خۆراكی ناتەندروست.



وشە - ئاوات ئازاد