ئەڵماسێكی شینی دەگمەن كە 300 ساڵە لە بنەماڵە پاشایەتییەكانی ئەوروپا دەستاودەست دەكرێت، لە زیادكردنێكی ئاشكرادا بە شەش ملیۆن و 700هەزار دۆلار فرۆشرا.
ئەم ئەڵماسە كاتی خۆی وەك دیاری پێشكەش بە ئەلیزابێس فارنیز كچی دوك پارما كراوە كە لە ساڵی 1715 هاسەرگیری لەگەڵ فیلیپی پێنجەم پاشای ئیسپانیا كرد.
ئەم ئەڵماسە نەوە لەدوای نەوە گواستراوەتەوە و لە وڵاتانی ئیسپانیا، فڕەنسا، ئیتاڵیا و نەمسا دەستاودەستی كردووە. ئەڵماسەكە كاتی خۆی لە كانێكی هندستان دۆزراوەتەوە.
ماوەی زیادكردنەوەی تەنیا چوار خولەكی خایاند و دواجار بە نرخێكی بەرز فرۆشرا.
دانیلا ماساچتی پسپۆڕی ئەڵماس و گەوهەر گوتی یەكەم نرخ بە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دانرا و دواتر نرخەكە بۆ شەش ملیۆن و 700 هەزار دۆلار زیادی كرد و چاوەڕوانی ئەوەیان نەكردووە بگاتە ئەو نرخە بەرزە.
جگەلەوەی ئەو ئەڵماسە جوان و سەرنجڕاكیشە لە هەمان كاتدا ئەوەی نرخەكەی بەرز كردەوە پێوەندی بە مێژووی ئەڵماسەكە هەیە.
ناسنامەی ئەو كەسە ئاشكرا نەكراوە كە بووەتە خاوەنی ئەڵماسەكە.