سۆسیالیست: كەركووكییەكان بەرانبەر قوربانییەكانمان بە وەفا بوون و یەكێتی دەنگی ئێمەی دزی

:: PM:03:01:16/05/2018 ‌

تا دێت بازنەی ناڕەزایەتی دژ بە ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی عێراق فراوانتر دەبێت، سۆسیالیست دەڵێ لە كەركووك و سلێمانی خەڵك بە ئەمەك بوون بەرانبەر بە قوربانییەكانمان بەڵام یەكێتی دەنگی ئێمەشی بردووە وەك لایەنەكانی تر.

دوای بەشدارییە كارایەی لە شەڕی دژ بە داعش لە سنووری میحوەری كەركووك بە سەركردایەتی حەمەی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، كە لەو شەڕەدا كوڕەكەی بەناوی عەتا شەهید بوو. حزبی سۆسیالیست دیموكرات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش بە لیستی ژمارە 170 بەشداری كرد، لیستیشی بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و كەركووكیش هەبوو.

بەرپرسانی ئەو حزبە، هاوشانی شەش حزبەكەی تر نیگەرانن لەو ئەنجامەی بەدەستیان هێناوە و پێیان وایە لە سلێمانی و كەركووك دەیانتوانی سێ كورسی بەدەست بهێنن، بەڵام دەستكاری ئەنجامەكە كراوە، بۆیە وەك خۆیان دەڵێن تانەیان لە كۆمسیۆن لێ داوە و سكاڵایان تۆمار كردووە.

بەگوێرەی ئەنجامە بەرایییەكانی كۆمسیۆن لیستی سۆسیالیست دیموكرات چوار هەزار و 711 دەنگی بەدەستهێناوە، سەرۆكی لیستەكەش دەڵێ ئەو دەنگانەی بەدەستمان هێناوە لایەنی كەم لە كورسییەك زیاتر بوو، تەنانەت هێندەی ئەندامانی حزبیش دەنگیان بۆ ئەژمار نەكردووین.

تانیا تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی لیستی سۆسیالیست لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات، وێستگە هەبووە بەڕێوەبەرەكەی كادری سۆسیالیست بووە و دەنگی داوە، كەچی دەنگی ئەوی تێدا نەبووە، گوتی "نموونەی وامان زۆرە بۆیە وەك شەش حزبەكەی ناڕازین و ئەنجامەكە رەت دەكەینەوە".

تانیا ئاماژەی بەوە دا كە سكاڵایان تۆمار كردووە و چاوەڕوانن كۆمسیۆن بە سكاڵاكاندا بچێت و دەنگی راستەقینەی لایەنەكان بگەڕێنێتەوە. گوتی "گومانمان لە دەنگی جەماوەری خۆمان نییە، یەقینمان هەیە دەنگیان بە ئێمە داوە وەك شەش لایەنەكەی تریش دەنگی ئێمە براوە".

تانیا ئاماژە بە لێدوانێكی پێشتری مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات كە لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ كەناڵی رووداو باسی لەوەكرد كە یەكێتی و هیچ هێزێكی هەمان دەنگی جاران ناهێننەوە و دەنگیان كەم دەكات بەهۆی ناڕەزایەتی شەقام.

"دواجار دەبێت كۆمسیۆن دەستنیشانی ئەو لایەنە بكات كە دەستكاری دەنگەكانی كردووە و تۆمەت نادەینە پاڵ كەس،  بەڵام دەبێت  سەرەتا كۆمسیۆن بێ لایەن بێت ئینجا ئیش بكات و چاو بە سكاڵاكان بخشێنێت، چونكە ئێمە دڵنیان لە دەنگی خۆمان". تانیا وا دەڵێت. ئاماژەی بەوەش دا پێش هەڵبژاردن گوتوویانە لە هەولێریش كورسییەك دەهێنن، بۆ ئەمە دەڵێ ئەوەی لە هەولێر رووی دا "تۆزێك كەمترە".

پێش سكرتێری حزب، مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی هەڵبژاردنی حزبی سۆسیالیست لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەت كردەوە.

ئەمڕۆش چوارشەم 16ی ئایار، محەمەی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ "وشە" هاتووەتە ناردن، لە پاڵ سوپاس و ستایشكردن بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حزبەكەی كردووە كە دەنگیان بە كاندیدانی لیستەكەیان داوە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەریان بۆ پەرلەمانی عێراق، دەڵێ بە هەموو جورێك دەرئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە ڕەت دەكەینەوە و بە هەڵبژاردنێكی نادروستی لە قەڵەم دەدەین و بەهەموو شێوەیەكیش بێ دەنگ نابین لە ئاستی دزینی دەنگی دەنگدەرانمان، هەموو هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ بۆ وەرگرتنەوەی دەنگی بەناحەق براوی دەنگدەرەكانمان و بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكەین، بۆیە دەنگدەرانی لیستی ژمارە 170 حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە تا سەندنەوەی مافی دەنگەكانیان كۆڵ نادەین لە خەباتی دیموكراسییانە و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی.

بەپێی ئەنجامە بەرایییەكانی كۆمسیۆن، لیستی سۆسیالیست دیموكرات لە كەركووك حەوت هەزار و 153 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام سەرۆكی لیستەكە دەڵێ ئەو دەنگە ناكاتە 10%ی ئەو دەنگانەی هێناومانە.

رەسووڵ رەئووف سەرۆكی لیستی سۆسیالیست و بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حزبە لە شاری كەركووك دەڵێ ئەوەی رووی دا

سوپاسی خەڵكی شاری كەركووكیش دەكەن كە دەنگیان بە لیستەكەیان داوە و پێیان وایە ئەوان بە ئەمەكەوە كاریان بۆ سەرخستنی لیستەكە كردووە تەنانەت لەسەر گیرفانی خۆیان پۆستەریان هەڵواسیوە و بانگەشەیان بۆ كردووە.

رەسووڵ گوتی "ئەوان زۆر بە وەفا بوون، وەفایان بۆ خوێنی شەهید عەتا هەبوو سوپاسیان دەكەین، بۆیە هیچ گومانێكمان لە ئەمەكی كەركووكییەكان نییە، بۆیە دڵنیام ئەگەر دەنگەكان بە دەست ئەژمار بكرێتەوە، ئەوا دەنگێكی زۆرمان هێناوە و لە كورسییەكیش زیاتر دەنگمان هێناوە".

زیاتر گوتی "ئەو دەنگەی لە كەركووك هێناومانە ناكاتە 10%ی دەنگەكانی هێناومانە، خەڵكیش دوای هەڵبژاردنیش پێوەندییان پێوە كردووین و زۆر بە ئەمەك بوون بۆمان".

سەرۆكی لیستی سۆسیالیست دیموكرات باس لەوە دەكات ئەوەی لە كەركووك رووی دا چاوەڕوانكراو بوو، پێشتریش وەك خۆیان دەڵێن "زانیومانە ئەوە روو دەدات" بۆیە بۆ رۆژی دواتر زوو ویستوویانە سكاڵا تۆمار بكەن بەڵام "كۆمسیۆن سكاڵای لێ وەرنەگرتین و دەوری ئۆفیسەكەیان بەهێزێكی زۆر تەنرابوو، بە ناچاری لە سلێمانی سكاڵامان تۆمار كرد.

رەسووڵ دەڵێ وێستگەیەك كەسوكاریان دەنگی پێ داون بەڵام دەنگەكان نەماون. گوتی "ئەنجامی هەڵبژاردنەكە 100% دەستكاری كراوە و سندووقەكان بەرنامەی بۆ دانراوە، بە جۆرێك هەرچەند دەنگ بهێنی بۆت ئەژمار ناكرێت".

زیاتر گوتی "ئەگەر ئەوان پێیان وایە ئەوەی رووی دا سەركەوتن بووە، ئەوا پێچەوانەكەی راستە، ئەوان خەڵكیان دۆڕاند، دەنگی راستەقینەی خەڵكیان دۆڕاند، بۆیە سەركەوتن بەدەستهێنانی كورسی نییە، بەڵكو بە خزمەت و بردنەوەی دەنگی خەڵكە".




وشە - فه‌رمان سادق