تەندروستی هەولێر لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا هاتە دەنگ

:: PM:03:14:16/05/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر هەواڵی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیبۆلا ڕەت دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات كە كەسەكە بە نەخۆشییەكی دەگمەن مردووە و نەخۆشیی ئیبۆلا نەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ كەسێك بە نەخۆشییەكی دەگمەن گیانی لە دەست داوە، بەڵام دوای پشكنین دەركەوتووە كە نەخۆشییەكی دەگمەنە، بەڵام ئیبۆلا نییە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، دوای تەواوبوونی ئەنجامی پشكنینەكان، جۆری نەخۆشییەكە رادەگەیەنین، بەڵام هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە جۆری نەخۆشییەكە ئیبۆلا نییە.

شەوی ڕابردوو گرتە ڤیدیۆیەك بڵاو كرایەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە كەسێك لە شاری هەولێر مردووە، باس لەوە دەكرا ئەو كەسە بە ڤایرۆسی ئیبۆلا مردووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" ئەو كەسە بە نەخۆشییەكی دەگمەن مردووە كە لە وڵاتێكی ئەفریقایە، هیچ مەترسییەكی بڵاوبوونەوەی نییە و ناگوازرێتەوە لە كەسێك بۆ كەسێكی تر، كەسێك توانای بەرگری كەم بێت تووشی دەبێت بە سووكی یان بەسەختی.

نەخۆشیی ئیبۆلا لە وڵاتانی غانا و ئۆغەندا و كۆتدیڤوار و گابۆن و گۆنگۆ و باشووری سوودان و بە پلەی یەك هەیە و بە پلەی دوو لە وڵاتانی نەیجیریا و كامیرۆن و لیبیریا و غانا و مالی و مەدەغەشقەر بوونی هەیە.



وشە - رامیار جەواد