هاوكاری منداڵانی چیای شەنگال و خێزانە ئاوارەكان دەكرێ

:: PM:01:51:01/12/2016 ‌

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ UNICEF جلوبەرگی زستانەیان پێشكەشی زیاتر لە حەوت هەزار منداڵی ئاوارەی سەر چیای شەنگال كرد و لەگەڵ رێكخراوەكانی ''UNHCR، TDH  و NRC'' پێداویستی ناوماڵ و گەرمكەرەوەیان دابەش كرد بەسەر زیاتر لە دوو هەزار خێزانی كەمپەكانی دیبەگەدا.

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2016، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و UNICEF جلوبەرگی زستانەیان بەسەر زیاتر لە حەوت هەزار  منداڵی ئێزیدی سەر چیای شەنگال دابەش كرد، كە هەموو ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان سێ مانگ بۆ 14 ساڵاندایە كارتۆنێك جلی گەرمیان وەرگرتووە.

ئاوارەكانی سەرچیای شەنگال بەهۆی وەرزی سەرما و بەفر و بارانەوە پێویستیان بە ئامێرەكانی گەرمكەرەوە و جلوبەرگی گەرم و نەوت هەیە، بۆیە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بەهەماهەنگی رێكخراو و كەسە خێرخوازەكان پێداویستییەكانی ئاوارەكان دابین دەكات و هاوكاری و كۆمەكەكان دەگەیەنێتە دەستیان.

لەلایەكی ترەوە بە هاوكاری رێكخراوی UNHCR سۆپا بەسەر زیاتر لە 600 خێزانی ناو كەمپەكانی دیبەگەدا دابەش كرد، هەروەها دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی زەوی مرۆڤەكان (TDH) هاوكاری و پێداویستی ناوماڵیان پێشكەشی زیاتر لە هەزار و 100 خێزانی ناو كەمپەكانی دیبەگە كرد و بە هاوكاری رێكخراوی  NRCی سویدی پێداویستی خاوێنكەرەوەی بەسەر 18 خێزاندا دابەش كرا.

رۆژانە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە ناوچەیی و جیهانییەكان كۆمەك و هاوكاری پێشكەشی ئاوارە و پەنابەرەكان كە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، دەكات.


وشە - موحسین شابان