بزووتنەوە: سەركۆنەی ئەو شاڵاوە ناشەریفەی ساختەكاری دەكەین

:: PM:03:48:16/05/2018 ‌
ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كۆ بووەوە و لەدوای كۆبوونەوەكە ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە كە تیایدا هاتووە، سەركۆنەی ئەو شاڵاوە رێكخراوە ناشەریفەی ساختەكاری دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 16تی ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان هاتووە، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی لە شاری سلێمانی ئەنجام درا، شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی بە توندی سەركۆنەی ئەو شاڵاوە رێكخراوە ناشەریفەی ساختەكاری كرد كە لە بەرامبەر دەنگ و ئیرادەی خەڵك ئەنجام درا.

لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، كۆبوونەوەكە دووپاتی كردەوە لەسەر یەكڕیزی هاوئاهەنگی حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات لە بەرانبەر هەموو شێوازەكانی گەندەڵی و ستەمكاری و زەوتكردنی دەنگ و بژاردەی خەڵكی كوردستان.

لە كۆتای ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، شوورای بزووتنەوەی ئیسلامی داوای لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد وەڵامی رژد و یەكلاكەرەوەی رەوای ئەو شەش لایەنە سیاسییەكەی كوردستان بداتەوە لەبارەی یاریكردن بە دەنگی دەنگدەران و ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

ناڕەزایەتی حزبەكانی كوردستان بەردەوامە لەسەر ئەنجامی دەنگە بەرایییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بەو هۆیەشەوە چەند بارگرژییەكیش لە ڕۆژی 12ـی ئایار دروست بوو.


وشە - رامیار جەواد