توركمانەكان: بەڵێ‌ ساختەكاری كراوە

:: PM:03:50:16/05/2018 ‌
توركمانەكانی هەرێمی كوردستانیش هاتنە پاڵ شەش حزبەكەی تر كە دەنگی پێویستیان نەهێناوە و ئاشكرای دەكەن لە هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار ساختەكاری كراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، ئایدن مەعرووف ئەندامی سەركردایەتی بەرەی توركمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەڵوێستی بەرەی توركمانی عێراقی لەبارەی ئەنجامی دەنگدانی هەڵبژاردنی 12ـی ئەو مانگە كە نەمانتوانی لەسەرئاستی عێراق و ناوچەكە نموونەی جوان نیشان بدەین، ئێمە و لایەنە سیاسییەكانی تریش گلەییمان هەیە.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی بەرەی توركمانی دەڵێت، ساختەكاری زۆر لە هەڵبژاردندا كراوە، ئەوەش كاریگەری خراپی كردووەتە سەردۆخەكە، دیارە زۆر لایەن گلەیییان هەبوو، ئێمەش ئەو ئەنجامە رەت دەكەینەوە.

ئەو بەرپرسەی توركمانی ئاشكرای كرد، وەك پێویست سیستمی ئەلیكترۆنی كاری پێ نەكراوە، بۆیە داوایان لە كۆمیسیۆن كردووە ئەنجامەكان بە دەست ئەژمار بكرێن، هەروەها لایەنی دەسەڵاتدار بە بەرپرسیار دەزانین و داوا دەكەین كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بێتە دەنگ لەسەر دەنگەكانمان.

ڕۆژی 12ـی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە چوو كە ئێوارەكەی بەشێكی زۆری حزبەكان ناڕەزایەتییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەربڕی كە لە شاری سلێمانی و كەركووك دەستكاری ئەنجامەكان كراوە.



وشە - رامیار جەواد