پەرلەمانتارێكی گۆڕان: بۆ گێڕانەوەی دەنگەكانمان ڕێی جیاواز دەگرینەبەر

:: PM:04:03:16/05/2018 ‌


پەرلەمانتارێكی گۆڕان، لەسەر ئەو ساختەكارییە بەربڵاوەی سلێمانی و دەوروبەری هۆشداری دەدا و دەڵێ رێی جیاواز دەگرنەبەر، باس لەوەش دەكات كە ساختەكارییەكان ئەزموونی دیموكراسییان خستووەتە ژێر پرسیارەوە.


ئەمین بەكر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بە"وشە"ی راگەیاند، ئەو ئەنجامانەی لەلایەن كۆمسێۆنەوە راگەیەنراون لەبارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە زۆربەی ناوچەكان بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەنگی راستەقینەی ئەوان نییە.


ئەو گوتی زۆربەی دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان براوە بۆ لایەنێكی دیاریكراو لە سنووری سلێمانی، بۆیە ئەنجامەكان رەت دەكەنەوە. ئەو دەڵێت "زۆر بژاردە تاوتوێ دەكەین ، سەرەتا رێی یاساییمان گرتووەتەبەر."


ئەو پەرلەمانتارە رای گەیاند، تەمەنی یاسایی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق كۆتای نەهاتووە و دەتوانن لەوێش پرسی ساختەكاری بورووژێنن.


ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان كە هاوكات ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراقە، ئەوەشی خستەڕوو بەو ساختەكارییەی لە سنووری سلێمانی ئەنجام درا پرۆسەی دیموكراسی كەوتووەتە ژێر پرسیارەوە .


12ی ئەم مانگە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوە چوو و لە ناوچەكانی سلێمانی و كەركووك زۆرترین ساختەكاری كران.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی 




وشە - سلێمان تاشان