سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ عه‌بادی و حه‌كیم و مه‌عسووم گفتوگۆی كرد

:: PM:04:10:16/05/2018 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، سەرۆك بارزانی لەگەڵ هەریەك لە عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسر و فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق بە تەلەفۆن دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی عێراقیان تاوتوێ كرد.

لەو پێوەندییە تەلەفۆنیانەدا سەركردەكانی عێراقی پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتیان لە سەرۆك بارزانی كردووە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئاڵوگۆڕ كردووە.

دوێنێ سێشەم سەرۆك بارزانی لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی پیرۆزبایی سەركەوتنی لە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر كرد، بەیانی ئەمڕۆیش لەگەڵ هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح تاوتوێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد.

ڕۆژی 12ـی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە چوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی عێراقیش هاوپەیمانی سائیروونی موقتەدا سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح و نەسر و مالیكی و حەكیم و قەوارەكانی تر دێن.



وشە - رامیار جەواد