دژە تیرۆری عێراق بەرپرسێكی یەكێتیان لە كەركووك گرت

:: PM:04:28:16/05/2018 ‌
لەسەر داوای دەستەی نەزاهەی عێراقی، ئەمڕۆ بەرپرسێكی یەكێتی لە شاری كەركووك دادگایی كرا، بەهۆی بوونی 70 دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئەو بەرپرسە، یەكێك لەو دۆسیانەیش دروستكردنی شارێكی مۆدێرنی هەزار و 200 خانووە كە هیچ خانوویەكی دروست نەكردووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، نەقیب سۆفیان لە هێزی ئاڵتوونی عێراقی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دادگاییكردنی بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركووك هەبوو، لەسەر 70 دۆسیەی گەندەڵی كە لە شاری كەركووك ئەنجامی داوە.

ئەو ئەفسەرەی فرقەی ئاڵتوونی گوتی، فەلاح بەزاز بەڕێوەبەری ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی كەركووك لەسەر 70 دۆسیەی گەندەڵی لەلایەن دادگای كەركووكەوە فەرمانی گرتنی رەوانەی دژە تیرۆری عێراق كراوە و دژە تیرۆریش فەرمانەكەی جێبەجێ كردووە.

سۆفیان زیاتر گوتی، هەفتەیەك پێش ئیستە لەلایەن ئەو دەزگایەوە فەلاح گیراوە و دوای لێكۆڵینەوە رەوانەی بنكەی پۆلیسی قۆریە كراوە و ئیستە بەفەرمانی دادگای كەركووك  دەستبەسەرە.

ڕاوێژكارێكی پارێزگای كەركووك كە نەیویست ناوی بهێنرێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، فەلاح بەزاز لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو پۆستەی پێ دراوە، دەستەی نەزاهەی عێراق ئەو دۆسیەیەی جووڵاندووە، بەڵام ئێستە یەكێتی دەیەوێت ئەو گەندەڵییانەی لەسەر لاببات و ئازادی بكات.

دوای خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری باڵێكی سەربازی یەكێتی بە فرۆشتنی خاكی كوردستان بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كۆمەڵێك لە بەرپرسانی یەكێتی لەو سنوورە هەڵاتن بۆ هەرێمی كوردستان و چەند كەسێكیان دۆسیەی جۆراوجۆریان لەسەر ئاشكرا بوو.



وشە - رامیار جەواد