سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ چوارشەم لەگەڵ ئەحمەد ئەلجەربا سەرۆكی تەیاری غەدی سووریا كۆبووەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامەكانی و دۆخی سووریا و ناوچەكەیان كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە شێخ ئەحمەد ئەلجەربا سەرۆكی تەیاری غەدی سووریا كرد. لە دیدارەكەدا سەرۆكی تەیاری غەدی سووریا پیرۆزبایی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان كرد لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەكردنی كێشەكانی عێراق و ناوچەكە، دووپاتی لەسەر پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەی ڕاگەیاند كە پێوەندیی باشی نێوان هەولێر و بەغدا كاریگەریی لەسەر باشتربوونی ئاسایشی هەرێمایەتی لە ناوچەكەدا دەبێت.
سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆكی تەیاری غەدی سووریای كرد و هێمای بە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دا و ئەوەی ڕاگەیاند، بەهۆی هەڵبژاردنەوە بارودۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و لە دوای هەڵبژاردنەكان ئەوەی كە بۆ هەرێمی كوردستان جێی بایەخ و یەكلاكەرەوەیە، هەڵوێستی لایەنە عێراقییە براوەكانە بەرانبەر ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان.
بارودۆخی سیاسیی سووریا و دوایین پێشهاتە تەناهی و سیاسییەكانی ئەو وڵاتە تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.