ئایا گیڤارای هەژاران دەبێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق؟



دوای ئاشكراكردنی ئەنجامە سەرەتایییەكانی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق و بردنەوەی هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر، ناوی عەلی دەوای پارێزگاری میسان و باشترین بەرپرسی حكوومی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكوومەت بەربژێرە.

عەلی دوای پارێزگاری میسان كە بە چالاكی و خزمەتگوزارییەكانی بۆ پارێزگاكە ناسراوە و عێراقییەكان نازناوی  "گیڤارای هەژاران"یان داوەتە پاڵ، كە شۆڕشگێڕێكی بە رەچەڵەك ئەرژەنتینی بووە و لە كوبا لەپاڵ ڤیدڵ كاسترۆ شۆڕشی كردووە.

دوای ساڵی 2012 وەك پارێزگاری میسان دەستنیشان كرا و ساڵی 2016 لەسەر داوای خەڵكەكە پۆستەكەی بۆ نوێ كرایەوە، رۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز"ی ئەمەریكی وەك باشترین بەرپرسی حكوومی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانی كردووە لەسەر ئەو خزمەتگوزارییەی پێشكەشی هاووڵاتییانی دەكات.

موقتەدا سەدر دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردن، لە تویتێكدا لە تویتەری تایبەتی خۆی لە وەڵامی هەوادارانی رای گەیاند ئەو كەسەی لە رێی كارەكانی خزمەتی عێراق و پارێزگاكەی كردووە و خاوەن جەماوەرێكی فراوانە لە هەموو عێراق، یەكێك دەبێت لە كاندیدەكانمان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران. بەمەیش بۆ جاری دووەمە ناوی وەك بەربژێر دێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران كە جاری رابردووش موقتەدا سەدر ناوەكەی پێشكەش كرد، بەڵام دواتر حزبی دەعوە قبووڵی نەكرد.

بەپێی دەرئەنجامە سەرەتایییەكان هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی سەدر 60 كورسیی پەرلەمانی لە كۆی 329 كورسی هێناوە، بەمەش بووەتە گەورەترین لیستی ناو پەرلەمان.

رۆژی سێشەمی رابردوو، سەڵاح عوبێدی گوتەبێژی رەوتی سەدر رای گەیاند، هاوپەیمانی "سائیروون" كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەبێت بەڵام پێداگیری ناكات لەسەر ئەو كاندیدە.

عوبێدی لە لێدوانێكی بۆ كەناڵەكانی میدیا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە هاوپەیمانی سائیروون دەرگای بە رووی لیستە براوەكان كردووەتەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و كاندیدشیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، عەلی دەوای پارێزگاری میسان دەبێت، بەڵام "پێداگیر نین لەسەری".
 
لای خۆشیەوە سەدر لە تویتەكەیدا ئاماژەی بەوە دا حكوومەتی داهاتوو لە كەسایەتییە سەربەخۆكان و تەكنۆكراتەكان دەبێت كە حزبی نەبن.

كاندیدكردنی "گیڤارای هەژاران" بەشێوەی فەرمی وادەكات لیستە براوەكانی هەڵبژاردن بكەونە خۆیان بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی ناو پەرلەمان، بۆ ئەمەش لیستە براوەكان دەستیان كردووە بە دانوستاندن و رێككەوتن لەسەر مەرجی لیستەكانی و پێشنیازەكانیان بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمان كە بەپێی دەستووری ئەو لیستە بۆیی هەیە حكوومەت پێك بهێنێت نەك لیستی براوەی هەڵبژاردن.

ئەگەرچی لیستەكەی عەبادی پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا چانسی هەیە خولێكی تر بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران ئەمەش دەكەوێتە سەر بەرەوپێشڤەچوونەكانی رۆژانی داهاتوو، كە ئەمەریكا و ئێرانیش رۆڵیان دەبێت لەو حكوومەتەی رادەگەیەنرێت.

عەلی دەوای 53 ساڵ، ماوەی دوو خولە پارێزگاری میسانە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2012 خەڵكی ئەو شارە هەڵیانبژارد بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا كە بە تەنیا 80 هەزار دەنگی هێنا.

دواتر لەسەر پشكی رەوتی سەدر كرایە پارێزگار، لە یەكەمین ساڵی پارێزگاریدا بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشكەشی خەڵكی شارەكەی كرد، رۆژنامەی "لۆس ئەنجلۆس تایمز"ی ئەمەریكی وەك باشترین فەرمانبەری حكوومی لەسەر ئاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانی كرد.

عەلی دەوای لەدایكبووی 1965، پێشتر سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی بووە دوای هەڵبژاردنی وەك ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لەسەر رەوتی سەدر.

جێی باسە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێویستی بە بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی سادەی پەرلەمانتارانە كە لە كۆی 329 پەرلەمانتار دەكاتە 165 ئەندامی پەرلەمان.

عەلی دەوای بە كەسایەتییە ئاسایییەكەی توانیویەتی سەرنجی زۆرینەی عێراقییەكان بەلای خۆیدا رابكێشێت، ئەمەش وایكرد ساڵی 2013 جارێكی تر لەسەر داوای خەڵكەكەی بكرێتەوە بە پارێزگار.

پارێزگای میسان دەكەوێتە رۆژئاوای عێراق لەسەر سنووری ئێران و شاری عیمارە سەنتەری پارێزگاكەیە كە رووباری دیجلەی پێدا تێپەڕ دەبێت، مەجەر-یش دووەمین گەورەترین شارۆكەی پارێزگاكەیە كە ساڵی 1976 ناوی عیمارە بوو، بەڵام دواتر بۆ میسان هاتە گۆڕین.
 
كۆی گشتی دانیشتووانی میسان نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس دەبێت، دانیشتووانەكەی تێكەڵەن لە دانیشتووانی گوند و شار، بەڵام 72.8%ی خەڵكەكە لە دانیشتووانی شارن، گوندنشینانیش 27.2%ی كۆی گشتی دانیشتووانی میسان پێكدەهێنن.

میسان دابەشی سەر 15 یەكەی كارگێڕی بووە لە شارۆكە و شارەدێ، كە عیماڕە دەكاتە سەنتەری دانیشتووانی پارێزگاكە.

جێی باسە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، سەركەوتنی هاوپەیمانی سائیروون و بردنەوەی زۆرترین دەنگ بەلای چاودێرانی سیاسی چاوەڕوان نەكراو بوو، هەروەك شكستی نوری مالیكیش بەو ئاستە چاوەڕوان نەكراو بوو.


سەرچاوە/ ئیلاف




وشە - فه‌رمان سادق


PM:04:41:16/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 2121 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌