كۆمسیۆن: ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران ژیانیان لە مەترسیدایە

:: PM:05:22:16/05/2018 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای دەكات كە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمسیاران ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی ئەو هەڕەشانەی لێیان دەكرێت، بۆیە پێویستە ژیانیان بپارێزن، دووپاتی كردەوە كە دوو ڕۆژی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی دەنگدان بڵاو دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، ریاز بەدران سەرۆكی كارگێری هەڵبژاردنەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئێستا چەندان كارمەندمان هەیە لە كەركووك و لە داقووق هەڕەشەیان لەسەرە، بۆیە داوا لە دەزگا تەناهییەكان دەكەین ژیانمان بپارێزن و سەعید كاكەیی ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەلایەن حزبێكەوە هەڕەشەی لێ كراوە.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن گوتی، دیدگای تایبەتی خۆمان هەیە بۆ پڕۆسەكە، بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە كە كۆمسیۆن كۆنتڕۆڵی دۆخەكەی كردووە كە دڵنیاتان دەكەمەوە لە دوو ڕۆژی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی بڵاو دەكرێتەوە.

بەدران ئاشكرای كرد هەندێك كەموكوڕی هەیە كە ئەوەی باس دەكرا ئەو دەزگایە بەخراپی بەكارهێنرا ژمارەی كارمەندان لە بنكەكان تەواو نەبوو، بۆیە ئێمە لە ماوەیەكی كەم ئەو ژمارەی كارمەندان پڕ كرایەوە، بۆیە جۆرێك لە كەموكوڕی هەبوو لەو بوارەوە.

ئەو قسانەی باس لەوە دەكرێت كە ئەنجامەكان هەڵوەشاوەتەوە دوورن لە ڕاستییەوە، بەڵام داواكاری بۆ هەژماركردنی دەنگەكان بەشێوەی ئاسایی دەتوانم بڵێم داواكاری هەیە بۆ ئەو مەبەستە، ریاز وای گوت.

ڕۆژی 12ـی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، دواتر ناڕەزایەتییەكی زۆر لەسەر ئەنجامی دەنگدان بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای كەركووك و سلێمانی هەبوو.



وشە - رامیار جەواد