سەرۆك بارزانی لەگەڵ برێت ماكگۆرگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا كۆبووەوە كە پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە برێت مەكگورگ نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی دژ بە داعش كرد و لەگەڵی كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەیەدا نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی گرنگ و مێژوویی سەرۆك بارزانی لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە ڕای گەیاند، سیاسەتی وڵاتەكەی ئەوەیە كە پێویستە هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی عێراقدا بە هێز و كاریگەر بێت و داوایشی كرد كە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بمێنێ و فراوانتر بكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە سەقامگیریی سیاسیی تاوتوێ كرا و ڕۆشناییش خرایە سەر ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئایندەی عێراق و دووپات لەوە كرایەوە كە بە بێ بەشداریی كارا و راستەقینەی هەرێمی كوردستان، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و دروستبوونی سەقامگیری سەرناگرێت.