رێگەی دۆڵی سماقووڵی داخرا

:: PM:05:31:16/05/2018 ‌
بەهۆی تێكچوونی رێگەی و چاككردنەوە و قیرتاوكردن، بۆ ماوەیەك رێگەی هەولێر- سلێمانی لەسەر ئەو ڕێگە دادەخرێت و بەرپرسێكی هاتوچۆ دەڵێت، داخستنەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك دەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، مقەدەم فازڵ حاجی حوسێن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شوفێران و هاووڵاتییان، بەتایبەتی ئەوانەی هاتوچۆی رێگای هەولێر لە دۆڵی سماقولی بۆ سلێمانی دەكەن پێویستە بزانن كە ئەو ڕێگەیە دادەخرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، داخستنی ڕێگاكە بەهۆی نۆژەنكردنەوەیە كە لەمڕۆوە تا هەفتەیەكی تر بەتەواوی دادەخریت و هاووڵاتییان وەك رێگای بەدیل دەتوانن رێگای هیران- سكتان بەكاربێنن بۆ سەر سەفین كە جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە لە دوورییەوە و رێگایەكی بێ كێشەیە. 

دوای تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، تا ئێستە ڕێگەی هەولێر -كەركووك نەكراوەتەوە بەشێكی زۆری هاووڵاتییان بۆ چوونە سلێمانی ڕێگەی سماقووڵی بەكار دێنن و لە ماوەی ڕابردووش ئەو رێگایە چەندجارێك كێشەی بۆ شوفێران دروست كرد كە بەنداوی سماقووڵی لەكاتی پڕبوونی ڕێگاكەی پەك دەخست.

لەنێوان هەولێر و سلێمانی پێنج ڕێگەی هاتوچۆ هەیە كەیەكێكیان دەچێتەوە دەروازی كەركووك و ڕێگەیەكیش لە كۆییە بۆی دەچێت و ڕێگەیەكیش لە سەفین بۆ سكتان و هیزۆپە ڕێگەیی چوارەمیش ڕێگەی كورتەكە دەچێتەوە ڕانیە لەوێش بۆ سلێمانی و ڕێگەی پێنجەمیش ڕێگەی سماقوولیە.



وشە - رامیار جەواد