وەزارەتی تەندروستی رێنوێنی نوێ بۆ نەشتەرگەری دەردەكات

:: PM:05:56:16/05/2018 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فۆرمێكی نوێی نێوان پزیشك و نەخۆشی ئامادەكردووە كە پێویستە پزیشك بەر لە ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەرییەك زانیاری تەواو بە نەخۆشەكە و كەسوكاری بدات، ئینجا نەشتەرگەری بۆ بكات.

ئەمڕۆ سێشەم 16ـی ئایار، لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕێكەوت حەمەڕەشید وەزیری تەندروستی رای گەیاند، فۆرمی رەزامەندیی سڕكردن و نەشتەگەری بەشێوەیەكی نوێ و ستاندەرد جێبەجێ دەكرێت.
 
لەبەشێكی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، دوای ماوەیەكی درێژ لە كاركردنی بەردەوام بۆ پێداچوونەوە و رێخستنەوەی فۆرمی رەزامەندیی سڕكردن و نەشتەرگەری لە هەرێمی كوردستان لەلایەن لێژنەیەكی پسپۆر و شارەزا لەم بوارە بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی تر، فۆڕمێكی ستاندەرد و تازە و كتێبێك كە گشت ماكەكانی نەشتەرگەرییە جۆراوجۆرەكانی لەخۆ گرتووە و ئامادە كراوە بۆ كارپێكردن پێش ئەنجامدانی هەر نەشتەرگەرییەك.

لە بەشێك لە ڕێنوێنییەكان هاتووە، پێویستە لەلایەن پزیشك و كارمەندانی پێوەندار زانیاری تەواو بدرێت بە نەخۆش دەربارەی نەشتەرگەرییەكە و ماكەكان و دەرئەنجام و ئەگەرەكانی نەشتەرگەری و سڕكردن بۆ ئاشنابوونی نەخۆش بە ئەنجام و ئەگەرەكان و ماكە چاوەڕوانكراوەكان و واژووكردن و ڕازیبوونی پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە.

لە ڕێنوێنی نوێی نەشتەرگەری هاتووە، پێویستە سەرجەم پزیشكان و نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەكان پابەندی كاركردنن بن بەو فۆرمە تازەیە، هاوكات دادگاكانیش لە فۆرمە تازەكە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ پشتبەستن و كاركردن بە فۆڕمە تازەكە.
 
لەو فۆڕمە ئەوەش خراوەتە ڕوو، نەخۆش جگە لە حاڵەتەكانی كتوپڕ لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن پێویستە تەواوی زانیاری پێ بدرێت لەسەر نەشتەرگەرییەكەی و ماكەكانی و واژووی ڕەزامەندی وەردەگیرێت پێش هەر نەشتەرگەرییەك.





وشە - رامیار جەواد