هۆزە عەرەبییەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان داوا لە عەرەبی سوننە و لیستەكانیان دەكەن بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی بەو پێیەی كە تاكە كەسە كە پارێزگاری لە مافی عەرەبی سوننە لە عێراق بكات.
موزاحم ئەحمەد حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لەو بارەوە رای گەیاند، سەرانی عەرەبی سوننە رۆڵی گەورەیان هەبوو لە وێرانكردنی ناوچەكانی عەرەبی سوننە و ئەوان بەدوای ئەجیندای ناوخۆیی و دەرەكی كەوتن. ئێستەش ئەوان دەیانەوێت ناو ماڵی سوننە كۆ بكەنەوە، بەڵام پاش ئەوەی لەسەر دەستی ئەوانەوە عەرەبی سوننە وێران بوون.
ئاماژەی كرد، هۆزە عەرەبییەكان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان لایەنی ئەمەریكا و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی و بیانیان ئاگەدار كردووەتەوە لە نەبوونی كەیاسەتییەك كە نوێنەرایەتی عەرەبی سوننە بكات، جگە لە مەسعوود بارزانی نەبێت.
حوێت ئاماژەی كرد، بارزانی ئەو كەسایەتییەیە كە رۆڵی گەورەی هەبوو لە رزگاركردنی عەرەبی سوننە ئەو كاتەی لە ناوچەكانیان راگوێزران و داواشی لە عەرەبی سوننە كرد كە هاوپەیمانی لەگەڵ سەرۆك مەسعوود بارزانی ببەستن كە چاكەی زۆری لەسەرمانە و پێویستیشە سەرانی عەرەبی سوننە چاكەی كوردستان و سەرۆك بارزانی لەیاد نەكەن، ئەو كاتەی نامووسی ئێمەیان پاراست لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لە بەرانبەریان ئەنجام دران.
دووپاتی كردەوە كە پێویستە عەرەبی سوننە دۆسییەی خۆیان بدەنە دەستی بارزانی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافی ئەوان بكات كە لە 2003ەوە بەهۆی سەرانی ئەوانەوە كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كاریان كردووە، هیچیان بەدەست نەكەوتووە.