زەكات و سەرفیترە دیاری كرا

:: PM:08:10:16/05/2018 ‌
لێژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان بڕی سەرفیترە و فیدیە و زەكاتی بۆ ساڵی 2018 ی زاینی دیاری كرد، ئەوەش دوای گفتوگۆیەكی تێروتەسەڵ لەگەڵ كەسانی پسپۆر لە كاری بازاڕ و فرۆشتنی دانەوێلە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، لە ڕاگەیەندراوێكی لیژنەی فەتوای هەرێمی كوردستان هاتووە، هەر موسڵمانێك باری دارایی ئەوەندە هەبێت كە زیاد بێت لە پێداویستی خۆی و ئەوانەی بژێو و خەرجیان لە سەرە، ئەوە لە ماوەی شەو و رۆژی جەژندا پێویستە سەرفیترە بدات هی خۆی و ئەوانەشی كە خەرجیان دەكات.

لە ڕاگەیەندراوەكەی لیژنەی فەتوادا هاتووە، دروستە لە رۆژانی مانگی رەمەزانی پیرۆز زەكاتی سەر فیترە دەر بكات، بەڵام نابێت بخرێتە دوایی نوێژی چەژن، چونكە لە شەوی جەژن واجب دەبێت.

لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان بە موسڵمانانی خەڵكی كوردستان ڕادەگەینێ كە دروستە زەكاتی سەرفیترەكانیان بە پارە بدەن بە هەژاران لە بڕی دانەوێلەكان بێ هیچ گومان و دوو دڵییەك، كەوا بوو هەموو تاكێكی موسڵمان ئازادە لە وەی گەنم و دانەوێلە دەدات لە جیاتی سەرفیترە یان پارە، بۆ گەنم كێشی یەك (صاع) دەكاتە نزیكەی 2500 كیلۆگرام دوو كیلۆ و پێنج سەد گرام، ئەویشی پارە بدات بۆ هەر كەسێك سێ‌ هەزار دیناری عێراقییە.

لەبارەی فیدیەی رەمەزانەوە ئەوەی فیدیەی كەوتووەتە سەر ئیتر بە هۆكاری پیری یا نەخۆشی یاخود سكپری و شیردان وەیا هەر عوزرێكی شەرعی، دەتوانی فیدیە بدات، بۆ هەر رۆژێك شەش سەد گرام لە برنج یا گەنم هتد، واتە بۆ هەموو مانگەكە 18 كیلۆیە، بەڵام ئەوەی پارە دەدات ئەوا بەپێی مەزهەبی ئیمامی حەنەفی ( فیدیە و كفارە) وەك یەك وایە، بۆیە بۆ هەر رۆژێك سێ‌ هەزار دینارە وەك سەرفیترە، وە بۆ تەواوی مانگی رەمەزان 90 هەزار دینارە.

بەپێی ئەو فتوایە یەكێتی زانایان بڕی فیدیە و ئەو كەسانەی بەڕۆژوو نابن بڕی سێ‌ هەزار دینار دەبێت بۆ هەر ڕۆژێك بدەن.



وشە - رامیار جەواد