عەبدوڵا عەلیاوەیی: كورد بە یەكگرتوویی بچنە بەغدا دەستكەوتی زیاتر بەدەست دێنن

:: PM:08:55:16/05/2018 ‌

راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرای دەكات ئەمجارە دەنگدەری كورد لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەنگی بە لایەنەكان داوە، بۆیە پێویستە چۆن دەنگدەر بەو شێوە دەنگی داوە لایەنەكانیش لەبەغدا دوور لە ململانێی حزبی كوردایەتی بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، عەبدوڵا عەلیاوەیی راوێژكاری سەرۆك كۆماری عێراق بە"وشە"ـی  راگەیاند, پێویستە كورد ئەمجارە بەیەكگرتووی بچنەوە بۆ بەغدا لەبەر ئەوەی دەتوانن دەستكەوتی زیاتر بەدەست بێنن، چونكە ئەگەر وەكو پێشوو بچن ناتوانن دەستكەوت بەدەست بێنن و حكوومەتی داهاتووی عێراقیش هێشتا دیار نییە حەشدی شەعبی یان رەوتی سەدر كە دژی یەكترن كامەیان دەتوانن حكوومەت پێك بێنن.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆك كۆمار دەڵێت، ئەگەر حكوومەتی زۆرینە بێت لایەنەكان زۆرینە ئەو حكوومەتە دروست دەكەن، بەڵام سوننەكان ئێستا هەندێكیان لەگەڵ لیستی (نەسر)دان و بەشێكیشیان خۆیان یەكلا نەكردووەتەوە و كوردیش هێشتا خۆی یەكلا نەكردووەتەوە، بەڵام هەر چۆنێك بێت حكوومەتی داهاتوو بەبێ كورد و سوننە دروست نابێت.

عەلیاوەیی گوتی، لەبەر ئەوەی دەنگدەری كورد زیاتر كراوەترە لە دەنگدەری عەرەب و جگە لەوەش دەنگدەری كورد وا بیردەكاتەوە كە پێویستە كورد رۆڵی لەبەغدا هەبێت بۆ ئەوەی مافەكانی بەدەست بێنێت، بەڵام سوننە و شیعە ئەوەی نییە ئەمە ‌كاریگەری زۆر هەبووە و كوردیش بەهۆی هەستی نەتە‌وەیی دەنگی خۆی داوە و دیاریش بوو بەچ لایەنێكی داوە، بۆیە رێژەی دەنگدان لە هەرێم 60%بووە و لەناو عەرەب لە هەندێك شوێن نەگەیشتووەتە 15%.

عەلیاوەیی باسی لەوەش كرد، پێویستە چۆن دەنگدەری كورد لەسەر بنەمای نەتەوەیی دەنگی داوە، نوێنەرانی كوردیش كە دێنە بەغدا بەو شێوەیە بن و ململانێ حیزبایەتی لە هەرێمی كوردستان بەجێ بێڵن و لێرە دەست لەناو دەست نێن و كار بۆ مافی كورد بكەن و سەركردایەتی كوردیش داوای حیزبی لەوان نەكات و داوای كوردایەتیان لێ بكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - رامیار جەواد