پارتی لە مەخموور و گوێڕ زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە

:: PM:09:30:16/05/2018 ‌
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكات لە سنووری مەخموور و گوێڕ سەڕەڕای نەبوونی بارەگەی حزبی، بەڵام ئەوان زۆرترین دەنگی ئەو سنوورەیان بەدەست هێناوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 16ـی ئایار، كرماج عەبدوڵا، بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور بە"وشە"ـی راگەیاند, پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری شارۆكەی مەخموور دەنگی زۆر باشی بەدەست هێناوە و هێشتا دەنگی كەمپەكان ماوە و یەكەم جاریشە پارتی لەناو شارۆكەی مەخموور سەرەڕای بەسەربازیكردن و ئەو دۆخەی لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەر لەو ناوچانە دروست كراوە، توانیویەتی دەنگی یەكەم بەدەست بێنێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت، جیاوازی ئێمە لەناو سەنتەری مەخموور لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان 700 دەنگە و لە شارەدێی گوێر نزیكەی حەفت هەزار و800 دەنگ جیاوازیمان هەیە و لەكەمپەكان كە سێ‌ هەزار و 500 دەنگە، بەلایەنی كەمەوە سێ‌ هەزار دەنگی پارتییە، بۆیە زۆرینەی وێستگەكان هەمووی پارتی دەنگی یەكەمە.

عەبدوڵا زیاتر گوتی، دەنگی پارتی زۆر زیادی كردووە، ئەمەش بۆ هەڵوێستە نیشتیمانییەكانی پارتی دەگەڕێتەوە و خەڵكی مەخموور وەڵامی هەڵوێستەكانی ئێمە و ئەو دۆخەی كە حكوومەتی عێراق بە هاوكاری لایەنێكی كوردی لە مەخموور دروستی كردووە دایەوە، چونكە خەڵك بە ویژدانەوە دەنگی خۆی داوە و كوردستانی بوونی مەخمووریان دووپات كردەوە و وەڵامێكی زۆر دروستی ئەوانیان داوەتەوە.

ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار و بەدەستهێنانی ژمارەیەكی زۆر لە كورسییەكانی هەولێر و مووسڵ لەلایەن پارتییەوە وای كردووە بەشێك لە حزبەكات تووشی شۆك بن.

مەخموور/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - رامیار جەواد