واشنتن و سعوودیە سزا بەسەر حەسەن نەسروڵا و یاریدەرەكانی دەسەپێنن

:: PM:11:05:16/05/2018 ‌

لە دوای بڕیارەكەی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بە پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتمۆی لەگەڵ ئێران و گەڕاندنەوەی سزاكانی سەر تاران، تا دێت سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران زیاتر دەبێت، ئەمڕۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لبنانی و یاریدەرێكی سەپاند.

سزاكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا هەریەك لە حەسەن نەسروڵا و نەعیم قاسمی یاریدەری گرتەوە، جگە لە چەندان كەسایەتی پێوەندیدار بە میلیشیاكانی حزبوڵا، جیا لەوانە چەند سەركردەیەكی تری حزبەكە لەوانە حوسێن خەلیل و ئیبراهیم ئەمین سەید و هیشام سەیفولدین.

دوێنێ سێشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای بەسەر بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانی بەناوی عەلی محەمەد قەسیر و پارێزگاری بانكی ناوەندی ئێران و سێ كەسایەتی تر و بانكێكی ئێران لە عێراق سەپاند، ئەوەش بەپێی پڕۆگرامێك كە ئەوانە دەكاتە ئامانج كە پاڵپشتی لە تیرۆری نێودەوڵەتی دەكەن.

هەر ئەمڕۆ سعوودیە و هاوپەیمانەكانی لە سەنتەری كردنە ئامانجی تیرۆر 10 سەركردەی حزبوڵا لەوانە پێنجیان ئەندامی سەر بە "ئەنجوومەنی شورا"ی حزبوڵا بوون، ئەوانیان خستە ناو لیستی تیرۆرەوە كە ئەوانیش بریتی بوون لە حەسەن نەسروڵا و نەعیم قاسم و محەمەد یەزبك و حوسێن خەلیل و ئیبراهیم ئەمین سەید و پێنجەكەی تر بریتین لە تەڵاڵ حمییە و عەلی یووسف شەڕارە و گرووپی سپیكترم (تەیف) و حەسەن ئیبراهیمی و كۆمپانیای ماهیر بۆ بازرگانی و بەڵێندەرایەتی.

بەپێی بەیاننامەی سعوودیە ئێران و حزبوڵای لبنانی نەهامەتییەكانی سووریا درێژ دەكەنەوە و هانی توندتیژی دەدەن لە عێراق و یەمەن و لبنان و لبنانییەكان دەخەنە مەترسییەوە و دۆخی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیر دەكەن.

سەرچاوە/ سكای نیوز     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل