لیژنه‌ى هه‌واڵگرى له ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا جینا هاسپلى وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا قبووڵ كرد، كه پێشتر له شوێنى مایك پۆمپیۆ له‌لایه‌ن دۆناڵد تڕه‌مپه‌وه كاندید كرابوو.
جینا هاسپل له 13ى ئادارى رابردوو له لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا ناسراو به "CIA" كاندید كرا. ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو، هه‌رزوو ناڕه‌زایى دروست كرد، جینا هاسپل یه‌كه‌م ژن ده‌بێت ئه‌م ئه‌ركه له ئه‌ستۆ ده‌گرێت و دووه‌م خاڵیش ئه‌وه‌یه هاسپل به كه‌یسى ئه‌شكه‌نجه‌دان تۆمه‌تباره.
گوایه له ساڵى 2002 دواى روودواوه‌كانى 11ى سپێتمپه‌ر سه‌رپه‌رشتى گرتووخانه نهێنییه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگرى كردووه و گیراوانى ئه‌شكه‌نجه داوه.
دوێنێ دواى گوێگرتن و لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ جینا هاسپل، لیژنه‌ى هه‌واڵگرى له ئه‌نجوومه‌نى پیرانى ئه‌مه‌ریكا به زۆرینه‌ى ده‌نگ، هاسپلى وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مه‌ریكا قبووڵ كرد. له لیژنه‌كه‌ى 10 كه‌س ده‌نگى به هاسپل دا و پێنجى تریش له‌گه‌ڵ دانانى ئه‌و نه‌بوون.
جینا هاسپل یه‌كێكه له ئه‌فسه‌ره به‌ناوبانگه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مه‌ریكا، ته‌مه‌نى 61 ساڵه.
سه‌رچاوه/
فرانس پرێس