ڕۆژنامەی
حەیاتی لەندەنی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی داوە، كە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ ڕێگری لە پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش وێڕای یەكخستنی لیستی مالیكی و فەتح دەیەوێ لیستەكەی عەبادی بە تەواوی، یان بەشێك لە حزبەكانی ناو هاوپەیمانییەكەی بێنە ڕیزی مالیكی و عامرییەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، قاسم سولەیمانی دەیەوێ هەریەك لە لیستی مالیكی و عامری و عەبادی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان پێك بهێنن و حكوومەتی داهاتووی عێراق لەسەر دەستی ئەوان دابمەزرێ، بەڵام عەبادی ئەوەی ڕەت كردووەتەوە و لە تویتەری خۆیشی بە ئاشكرا ئاماژەی بەوە دا كە ناچێتە ناو هیچ فراكسیۆنێكی مەزەوی شیعە بێ یان سوننە.
سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، دوای ئەوەی عەبادی داواكەی قاسم سولەیمانی ڕەت كردووەتەوە، بەشێك لە حزب و لایەنەكانی ناو هاوپەیمانی نەسر لەلایەن قاسم سولەیمانی گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە، بۆ ئەوەی لە هاوپەیمانییەكە بێنە دەرەوە و بچنە ڕیزی ئەو فراكسیۆنە گەورەیەی كە عامری و مالیكی هەوڵی پێكهێنانی دەدەن، بڕیارە دوای ئەوەیش لەگەڵ بەشێكی كورد و سوننەیش گفتوگۆ بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەكە، قاسم سولەیمانی و شیعەكان ڕێككەوتوون كە هیچ یەكێك لەوانەی پێشتر پۆستی سەرۆك وەزیرانیان وەرگرتووە، كاندید نەكرێنەوە، بەڵكو ناوی محەمەد شەیاع سوودانی و تاریق نەجم و عادل عەبدولمەهدی و فالح فەیاز دەهێنرێ، بۆ ئەوەی بەرەی ئێران كە خۆی لە مالیكی و عامری و بەشێكی نەسر و بەشێكی كورد و سوننە دەبینێتەوە، یەكێكیان هەڵبژێرن تا ببێتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق.
لە ڕاپۆرتەكە هاتووە، ئەركەكەی قاسم سولەیمانی هەروا ئاسان نییە، چونكە سەدر و عەبادیش لە گفتوگۆدان و ئەوان كورسیی زۆریان لە بەردەستدایە، بۆیە كارەكەی قاسم سولەیمانی هەروا بە ئاسانی نایەتە دی و هێشتا ڕوون نییە چی ڕوو دەدا و چی دەگوزەرێ لە كۆتادا چی بەرهەم دێت.