ئۆكرانیا بێ گوێدان بە رووسیا نمایشە مووشەكییەكەی دەست پێ كرد

:: PM:02:19:01/12/2016 ‌

سەرباری ئەوەی مۆسكۆ چەندان جار هۆشداریی دایە ئۆكرانییە، ئەمڕۆ كیێف بەبێ گوێگرتن لە ئاگاداركردنەوەكان تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی دەست پێ كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم، یەكی كانوونی یەكەم/دیسێمبەر، سوپای ئۆكرانیا رای گەیاند، تاقیكردنەوەی مووشەكەكانیان بەپێی ئەو پلانەی پێشتر بۆی داڕێژرابوو، ئەمڕۆ لە ناوچەی خرسوونی باشووری ئەو وڵاتە دەستی پێ كردووە و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و گوتەبێژی نمایشە سەربازییەكەیش ئاشكرای دەكات، ئەو تاقیكردنەوانە بە لەبەرچاوگرتنی رێوشوێنە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوە دەچێت و هیچ رێگەیەك ناهێڵینەوە بۆ ئەوەی رەخنەمان لێ بگیرێت.

ئەو ناوچەیەی تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی تیادا ئەنجام دەدرێت 30 كیلۆمەتر لە دورگەی كریمەوە دوورە، ساڵی 2014 كاتێك سەربازانی سوپای رووسیا چووبوونە ناو ئەو دورگەیەوە، پەرلەمانی خۆجێیی كریمە دەنگی بەوە دا كە خاكەكەیان بچێتەوە سەر رووسیا و دەستبەجێ پەرلەمانی رووسیا ئەو بڕیارەی لای خۆیەوە پەسند كرد و خستییە بەردەم سەرۆك كۆمار و پوتینیش بڕیاری پەرلەمانی بۆ گەڕانەوەی كریمە بۆ سەر خاكەكەی ئیمزا كرد.

لە دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی رووسیا، پێوەندی نێوان كییف و مۆسكۆ ئاڵۆزییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی و سەرۆك كۆماری ئۆكرانیا بەهۆی لایەنگرێتی رووسیا، لەكار لا درا و كۆمەڵێك گرووپی چەكدار لە ناوچەكانی دەوروبەری كریم سەریان هەڵدا كە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بوون، زۆربەیان زمانیان رووسیا و داوای جیابوونەوەیان لە ئۆكرانیا كرد و دەیانەوێ بخرێنەوە سەر خاكی رووسیا و حكوومەتی ئۆكرانیایش ئەو گرووپانەی بە داردەستی رووسیا ناو دەبات.

لەگەڵ دەستپێكی تاقیكردنەوەی مووشەكەكانی سوپای ئۆكرانیا كە گەورەترین سوپای ئەوروپای هەیە، رووسیا یەكە دەریایی و وشكانییەكانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و سیستەمی بەرگریی مووشەكییەكانی لە دورگەی كریمە چالاك كردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەشتییە جەنگییەكانی لە ناوەڕاستی دەریای رەشەوە گەیاندە كەنارەكانی كریمە و لەو ناوچەیە جێگیری كردوون، وەزارەتی بەرگریی رووسیایش هۆكاری ئەو جووڵە پێكردنەی بۆ پتەوكردنی بەرگریی ئاسمانی كریمە گەڕاندەوە.

سەرچاوە/BBC – دەنگی ئیسڕائیل


وشە - هیدایه‌ت جان