نرخی نەوت لە 80 دۆلار نزیك دەكەوێتەوە

:: AM:10:46:17/05/2018 ‌

 نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لە كاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بە 79 دۆلار و 54 سەنت دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی dailyfx دوێنێ چوارشەم نرخی نەوت تا 78 دۆلار دابەزی، بەڵام دواتر رووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتە سەرووی 79 دۆلار و لەمڕۆ سەرلەبەیانیشەوە ئاراستەی نرخی نەوت رووی لە هەڵكشانە. هاوكات نرخی نەوتی جۆری ئەمەریكی ناسراو بە WTI بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 71 دۆلار و 75 سەنت كە بەرزترین نرخە بۆ ئەم جۆرە نەوتە لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوو.

دوایین هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بریتی بوو لە دابەزینی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ئەو نەوتە كۆگاكراوە ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل دابەزیوە هەڵبەت دواتر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەرییەكانی ئەو هۆكارەی كەم كردەوە.

دوێنێ چوارشەم ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەش بڵاوی كردەوە ئەمساڵ داخوازی دنیا بۆ نەوت كەم دەبێتەوە. كە رێگرە لە زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و لە لایەكی تریش بڕیاری كشانەوەی تۆتاڵی فڕەنسی لە ئێران كاریگەریی بۆ سەر كەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت دەبێت و هۆكارە لەوەی نرخی نەوت بەرز ببێتەوە.

پێشتریش ئاڵۆزییەكانی فەلەستین هۆكارێكی كاتی بوو بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە هەفتەی رابردوودا بریتی بوو لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ كە بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ناوكیی ئێران راگەیاند. هێشتا بازاڕ لە ژێر كاریگەریی ئەو بڕیارە لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و پێشبینی  كراوە تا 80 دۆلار بەرز ببێتەوە.

ئەوەی تا رادەیەك هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت پێوەندی بە دانوستانەكانی ئێران و ئەوروپا بۆ پرسی ناوكی هەیە و دەیانەوێت میكانیزمێك بۆ رێككەوتنەكە بدۆزنەوە و ئێرانیش داوا دەكات.

 لەلایەكی ترەوە رێكخراوی ئۆپێكیش بڵاوی كردەوە كە ئەگەر سزاش بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت، ئەوا ئەو رێكخراوە دەتوانێت پێداویستییەكانی دنیا بە نەوت دابین بكات و كەمێك زیاتر نەوت هەناردە بكات بۆ ئەوەی نرخی نەوت سەقامگیر بێت. دوای ئەوەش بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران گوتی، "نامەردیش سنوورێكی هەیە."

دوای پرسی كشانەوەی تۆتاڵ لە كێڵگەكانی نەوتی ئێران، وەزیری نەوتی ئێران باسی لەوە كرد كە ئێران بێ منەتە، چونكە كۆمپانیای تر هەن بڕیارە روو لە ئێران بكەن. ئەو ناوی هیچ كۆمپانیایەكی ئاشكرا نەكرد و گوتی، ئەگەر ئاشكرای بكەم ئەو ئەمەریكییە نامەردانە دەچن پەشیمانیان دەكەنەوە.

بەگوێرەی "دونیایێ ئیقتیساد" بیژەن زەنگەنە رەتی كردەوە ئەمەریكا نیگەرانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بێت. ئەو گوتی ئەمەریكا خۆی حەز دەكات نرخی نەوت بەرز ببێتەوە تا لەو رێیەوە نەوتی لیتەیی ئەمەریكا بەرهەمهێنانەكەی زیاد بكات و لەم حاڵەتەشدا لە ئەمەریكا دەرفەتی نوێی كار دێتە كایەوە و داهاتی نەوتی ئەو وڵاتەش زیاد دەكات.

پێویستە بگوترێت بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریكا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا. كاتێك نرخی نەوت زۆر دابەزی بەشێكی بەرچاو لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا چالاكییەكانیان راگرت و نەیانتوانی نەوتی لیتەیی بەرهەم بهێنن، ئاخر بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی خەرجێكی زۆر هەڵدەگرێت و دەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت لەو جۆرە نەوتە پێویستی بە خەرجیی 60 دۆلار هەیە و ئێستە كە نرخی نەوت لە 80 دۆلار نزیك كەوتووەتەوە ئەو كۆمپانیایانە دووبارە دەستیان بە چالاكییەكانیان كردووەتەوە.

جگە لە كاریگەرییەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017شدا رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دانا.

ئێستەش كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەسوودی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوان تا كۆتا بە تەنگژەی دارایییان بهێنن.





وشە - سلێمان تاشان