گواردیۆلا: مانچستەر سیتی پارەی نەماوە

:: AM:10:49:17/05/2018 ‌

پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئاشكرای كرد بۆ وەرزی داهاتوو یاریزانێك یان دوان دەكڕن، چونكە یانەكەیان پارەی نەماوە.

یانەی مانچستەر سیتی كە لەلایەن ملیاردێری ئیماڕاتی شێخ مەنسووڕ بن زاید خاوەنداری دەكرێ، هاوینی رابردوو بڕی 300 ملیۆن پاوەنی لە كڕینی یاریزانانی نوێ خەرج كرد و لە كۆتایشدا توانی ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بەدەست بێنێ.

گواردیۆلا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی سكای سپۆرت راگەیاند: نابێت هاندەرانی یانەی مانچستەر سیتی چاوەڕێی ئەوە بكەن هەمان پارەی ئەم وەرزە لە كڕینی یاریزانان خەرج بكەینەوە.

زیاتر گوتی: رەنگە هاندەران و خەڵك باوەڕ نەكەن، بەڵام من پێتانی رادەگەیەنم كە یانەی مانچستەر سیتی پارەی گرێبەستكردنی یاریزانانی نەماوە و ناتوانین ساڵانە بڕی 300 ملیۆن پاوەن خەرج بكەین.

جەختیشی كردەوە: وەرزی رابردوو بەیەكجار پارەیەكی زۆرمان لە كڕینی یاریزاناندا خەرج كرد، راستییەكەی پارەی دوو یان سێ گرێبەستی ساڵانەمان بەیەك ساڵ سەرف كرد و پێموایە دەستكەوتیشی هەبوو.

لە كۆتاییدا گواردیۆلا ئاشكرای كرد كە بۆ وەرزی داهاتوو رەنگە تەنیا یاریزانێكی نوێ یان دوان بكڕن بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویستی زۆریان پێی هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م