كورد یەكلیست بووایە براوەی یەكەمی عێراق دەبوو

:: PM:01:23:17/05/2018 ‌
پەرلەمانتارێكی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئەگەر كورد یەكدەنگ و یەكلیست بوونایە، ئێستە ژمارەی كورسییەكانی كورد هاوشێوەی لیستی سەدر دەبوو، براوەی یەكەمیش نەبووایە، دووەم دەبوو.

ماجید شنگالی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ئێستە هاوپەیمانی سائیروونی موقتەدا سەدر خاوەنی 54 كورسی پەرلەمانە و بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دادەنرێ، بەڵام ئەگەر دەنگ و كورسی لایەنە كوردییەكان كۆ بكەینەوە، ئەوا لە لیستی سائیروون زیاتر كورسی هەیە، ژمارەی كورسییەكانی حزبە كوردییەكان دەگاتە نزیكەی 60 كورسی، بەڵام بە داخەوە نەبوونی یەكڕیزی وای كرد ئەو ئامانجە بەدەست نەهێنرێ.

ئاماژەی دا، پێویستە هێزە كوردییەكان بەر لەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و دەست بە دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بكەن، دووبارە دەست بە گفتوگۆ بكەن و یەكڕیزی لە نێوان خۆیان دەستەبەر بكەن، ئینجا سەردانی بەغدا بكەن.

زیاتر گوتی، نیگەرانییەكان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لە كوردستان بە تایبەت لە سلێمانی، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتای دەنگدان، ناڕەزایییەكانیش تەواو دەبن و هەمووان بیر لە بەستنی هاوپەیمانی دەكەنەوە، بە هیواین یەكڕیزی دروست ببێ و دۆخەكە لە بەرژەوەندی كورد بشكێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د