گیای شۆفان چییه‌ و چی له‌ جه‌سته‌ ده‌كات؟

:: PM:01:37:17/05/2018 ‌
گیای شۆفان وەكو بەدیلێك بۆ گیای گەنم و جۆ بەكاردەهێنرێت و بۆ مرۆڤ زۆر بەسوودە و چەندان پێكهاتەی گرنگ و كانزای جۆراوجۆر بە لەش دەبەخشێت و تەندروستی لەش بەشێوەیەكی گشتی باشتر دەكات. جیا لەوەیش وەكو دەرمانێكی سروشتی بەكاردەهێنرێت، بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكان بەتایبەتی بۆ چارەسەركردنی لاوازی ئێسك.

ئێستە گیای شۆفان وشك دەكرێتەوە و دەهاڕدرێت وەكو خۆراك لە لایەن مرۆڤەوە سوودی لێ وەردەگیردرێت، چەندان پێكهاتەی گرنگی تێدایە وەكو دژەئۆكسید، ئاسن، كالیسیۆم، ترشی فۆلیك، پرۆتین، ریشاڵی خۆراكی، ڤیتامین C لەگەڵ  K, B ، ئەمانە ئەو پێكهاتە گرنگانەن كە لە گیای شۆفاندا بوونیان هەیە.

سوودەكانی گیای شۆفان بۆ لەش چییە:
یەكەم: فشار كەم دەكاتەوە، ئەگەر رۆژانە تووشی فشاری دەروونی دەبیتەوە، شۆفان بەكاربهێنە،  چونكە یارمەتی كەمكردنەوەی فشاری دەروونی دەدات، بەتایبەتی ئەگەر لەكاتی خواردنی شۆفاندا یۆگا یان چالاكی جەستەیی یان شیلان ئەنجام بدەیت، هەروەها رێ لە دروستبوونی فشاری درێژخایەن دەگرێت بیر و هۆش فراوان دەكات.

دووەم: نووستن باشتر دەكات، ئەو كەسانەی بەردەوام شۆفان بەكاردەهێنن نوستنیان رێك و تەندروستە، زیاتر بەهۆی كەمكردنەوەی فشاری دەروونییەوە نووستن رێك دەخات. رێ لە خەوزڕان دەگرێت، چونكە بەپێی راوێژی پزیشكی كەم نووستن دەبێتە هۆی  مەترسییەكانی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی دڵ و زۆر گرفتی تەندروستی تر.

سێیەم: خوێن پاك دەكاتەوە، مادەیەك لە شۆفاندا هەیە پێی دەگوترێت كلۆرۆفیل كە رووەكەكان بۆ گەشەكردنیان بەكاری دەهێنن، ئەم كلۆرۆفیلە بەسوودە بۆ مرۆڤ، زانایان دووپات لەوە دەكەنەوە، زیاد بوونی كلۆرۆفیل لە لەشدا دژە ئۆكسیدێك دروست دەكات كە خوێن لە ژەهر پاك دەكاتەوە، رێ لە خانە شێرپەنجەیییەكان دەگرێت.



وشە - ئاوات ئازاد