میلیشیاكان هاوەنبارانی گوندەكانی خورماتوو دەكەن

:: PM:01:39:17/05/2018 ‌
لە شەوی ڕابردووەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە هاوەنبارانی گوندەكانی بناری داوێ لە سنووری شارۆكەی خورماتوو كرد، بەوهۆیەوە گوندنیشانی ئەو سنوورە دەستیان بە جێهێشتنی ناوچەكانیان كردووە و دووبارە ئاوارە بوونەتەوە.

چەند خێزانێكی گوندی شۆراوەی سنووری بناری داوێ لە نێوان خورماتوو یەكەی كارگێڕیی گەرمیان "وشە"یان ئاگادار كردەوە، كە شەوی ڕابردوو لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی گوندەكانی بناری داوێ هاوەنباران كران، بیانووی ئەو كارەی میلیشیاكانیش بوونی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە.

ئیسماعیل حەسەن یەكێك لە گوندنشینانی ئەو سنوورە بۆ "وشە" گوتی، شەوی ڕابردوو سەرەڕای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان بوو، بەڵام میلیشیاكان دەستیان بە بۆردمانی گوندەكانی ئەو سنوورە كرد، سەرەڕای ئەوەی هیچ جووڵەیەكی چەكدارانی داعشی لێ نەبوو، بەڵام ئەوان بەردەوام داعش دەكەنە بیانوو و بۆردمانی ناوچەكە دەكەن.

رائید محەمەد عەبدوڵا یەكێك لە فەرماندەگاكانی پێشمەرگە لە سنووری بناری داوێ گوتی، بیانووی ئەو بۆردمانانەی میلیشیاكان, ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە، بەڵام ئەو شوێنانەی ئەوان ئاراستەی دەكەن، داعشی لێ نەبووە و ترسی زۆری لە دڵی خەڵكی دروست كردووە، بەوهۆیەوە خەڵكی جارێكی تر ئاوارە بوونەوە.

لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كەلەلایەن گرووپێكی ناپاك و هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، كەركووك و خورماتوو و خانەقین بێ تەقە ڕادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرا، بەوهۆیەوە زیاترلە 170 هەزار هاووڵاتی كورد لەو ناوچانە ئاوارەبوون و تاڵانی و دزی و ڕەشبگیری بە تەواوی لە ناوچەكە دەستی پێ كرد و ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د