دوای شەش ساڵ جارێكی تر توركیا پێوەندییەكانی لەسەر غەزە و قودس لەگەڵ ئیسرائیل تێكدەدات، ئیسرائیلیش دەیەوێت ددان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان بەشێوەی فەرمی بنێت دوای ئەوەی چەند جارێك لە رابردوو بەربەستی بۆ دروست كرا.
لەسەر رووداوەكانی پێوەند بە غەزە و ئیسرائیل و ناساندن و كردنەوەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە قودس و ناساندنی ئەو شارە وەك پایتەختی ئیسرائیل، رەجەب تەیب ئەردۆغان بڕیاری دەركردنی باڵوێزی ئیسرائیلی لە وڵاتەكەی راگەیاند.
دەسەڵاتدارانی توركیا بەوە نەوەستان و لە فڕۆكەخانە سووكایەتییان پێی كرد و داوایان لێی كرد پێڵاوەكەی لە پێ بكاتەوە و پشكنینی وردیان بۆی كرد كە ئەم رەفتارە دوورە لە هەموو پێوەرێكی دیپلۆماسی. لەسەر ئەو پرسە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بانگهێشتی باڵوێزی توركیای لە تەلئەبیب كرد و ناڕەزایەتی حكوومەتی ئیسرائیل گەیاندە دەسەڵاتدارانی توركیا.
بەرپرسێكی ئیسرائیلی دەڵێ ئەوەی رووی داوە سووكایەتی پێكردنێكی ئاشكرایە و پێشتریش ئامادەكاری بۆ كراوە و میدیا داوەت كراوە تا وێنەی بگرێت، هاوكات میدیای ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوە دا ئەو سووكایەتی پێكردنە ئەوە بە بیر دەهێنێتەوە كە ساڵی 2010 جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سووكایەتی بە باڵوێزی توركیا لەوكاتەدا كرد بە دانانی كورسییەكی لەوەی خۆی نزمتر.
ئەو شەڕە دیپلۆماسییەی سەری هەڵداوە و پێوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتەی تێكداوە، وایكردووە هەندێك لە ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل "كەنیست" پڕۆژە یاسای ددان پێداننان بە كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی ئەرمەنەكان بهێننەوە پێشەوە كە 115 ساڵ پێش ئێستە لە توركیا رووی داوە، هاوكات بۆ یەكەم جاریشە لە ئیسرائیل باس لە پێدانی حوكمی زاتی بە كوردانی توركیا بكرێت كە لای دەسەڵاتدارانی توركیا وەك تیرۆریست ناسراون.
بارگرژییەكانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر پەرەی سەندووە، دوای دەركردنی باڵوێز لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، ئەردۆغان كۆمەڵێك لێدوانی زۆر مەترسیداری دژ بە نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دا، ئەمەش وایكرد ئەندامانی كەنیستی ئیسرائیلی پێداگیر بن لەسەر پێشكەشكردنی پڕۆژەی ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەن بە جینۆساید.
ئەندامێكی حزبی هاوپەیمانی نەتانیاهۆ دەڵێ هێشتا كات گونجاوە بۆ گەیشتن بە دادگەری، كاتی ئەوە هاتووە ددان بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بهێنین، چونكە ناكرێت گەلی جوو خۆی قوربانی كۆمەڵكوژی بێت و دان بە كۆمەڵكوژی تر نەنێت.
هاوكات غلعاد ئاردان وەزیرانی ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل لە تویتێكدا رای گەیاند، كاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی پشتگیری لە حوكمی زاتی كوردەكانی باكوری سووریا بكەین، نەك هەر هێندە بەڵكو دەبێت پشتگیریشیان بكەین تەنانەت ئەگەر ئەمەریكاش پشتی بڕیاری وەستاندنی چالاكییە سەربازییەكانی بكات لە ناوچە كوردییەكان، ئەوا پێویستە ئیسرائیل ئەوە بكات.
نفتالی لای خۆیەوە بینیت وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل داوای لە سەرۆكی كەنیست كرد كە رەزامەندی لەسەر بڕیاری فەرمی ناساندنی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بدات كە توركیا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی.
وەزیری پەروەردەی ئیسرائیل داوای لە سەرۆكی حكومەتیش كرد دانیشتنێكی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەو پرسە رێك بخات و تێیدا دان بە حوكمی زاتی بۆ كورد لە سووریا بنێت.
داواشی لە هاووڵاتییانی جوو كرد كە گەشتەكانیان بۆ توركیا هەڵوەشێننەوە و گوتی، "ئیسرائیل پارێزگاری لە سنوور و هاووڵاتییانی خۆی دەكات".
ئەگەرچی پێوەندییەكانی ئیسرائیل و توركیا گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێكەوتووە، بەڵام هێڵی بۆڕیی غازی سروشتی نێوان ئیسرائیل و توركیا هیچ گرفتی تێ نەكەوتووە و كاركردن تێیدا بەردەوامە كە ئەمەیكا پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەكات.
بەڵام بەم دواییە بۆچوونێك لە ئیسرائیل دروست بووە كە غازە سورشتییەكەی لە رێی میسر هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكات بەهۆی بەردەوامی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ توركیا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا پێشتریش رای گەیاند بوو كە قودس هێڵی سوورە و هەڕەشەی پچڕاندنی پێوەندییەكانیش لەگەڵ ئیسرائیل كردبوو ئەگەر قودس بكاتە پایتەخت.
تێكچوونی پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئیسرائیل شتێكی نوێ نییە ئەگەرچی هەردوو وڵات هاوپەیمانی ئەمەریكان لە ناوچەكەدا و ساڵانێكی زۆریشە رێككەوتنی گرنگیان لە نێواندا هەیە، بەڵام رووداوەكانی غەزە و فەلەستین كاریگەری لەسەر ئەو پێوەندییانە داناوە و خەریكە گەورەترین پڕۆژەی هەناردەی غازی سروشتی لە ئیسرائیلەوە بۆ توركیا لەوێوە بۆ ئەوروپا دەبێتە قوربانی.
جێی باسە ساڵانە لە مانگی نیساندا ساڵیادی جینۆسایدی ئەرمەنەكان دەكرێتەوە، ئەو تاوانەی لەنێوان ساڵانی 1915 و 1917 لەسەر دەستی عوسمانییەكان ئەنجام درا، بەڵام تا ئێستە توركیا ددان بەو جینۆسایدە نانێت، بە پێچەوانەوە هێشتا بەردەوامە لەسەر سیاسەتە شەڕانگێزییەكانی لەگەڵ كوردەكان لەئاستی ناوخۆی وڵاتدا بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەش هەروا، هەروەها لەگەڵ ئیسرائیلیش بە پاساوی پشتگیریكردن لە غەزە.
پڕۆژەی لیفیاسان بەردەوامە
سەرەڕای بارگرژی نێوانیان بەڵام كاركردن لە پڕۆژەی لیفیاسان بەردەوامی هەیە، ئەو پڕۆژەیەی ئەمەریكا پشتگیری لێ دەكات بۆ گواستنەوەی غازی سروشتی ئیسرائیل بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
بەرپرسانی پڕۆژەی لیفیاسان دەڵێن هێشتا هەناردەكردنی غازی سروشتی بۆ توركیا بژاردەیەكی گونجاوەوە و گفتوگۆكانیش لەگەڵ یاریزانە سەرەكییەكانی پێوەندار بە توركیا بەردەوامی هەیە.
لای خۆیەوە گوتەبێژی وەزارەتی وزەی توركیا رای گەیاند، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وەزارەت بەردەمی هەیە، بەڵام تا ئێستە هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە.
پێوەند بەو پرسە نیهاد عەلی ئۆزكان چاودێری دامەزراوەی لێكۆڵینەوەی سیاسی و ئابووری لە ئەنكەرە دەڵێ، هەڵمەتی ترەمپ لە قودس بووە هۆی پەرچەكرداری ئەمدواییەی توركیا، بۆیە دوور نییە جولاندنی ئەو پرسە لە توركیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لەلایەن ئەردۆغان بەكار بهێنرێت.
روونی كردەوە، "گرنگی توركیا بە غازی سروشتی ئیسرائیلی راستییەكە، بۆیە ئەگەر گفتوگۆكانیش سست ببن ئەوا بەردەوامی هەر دەبێت".
سەرچاوە/
مەسدەر