بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، ئاستی پلەكانی گەرما بۆ تەواوی مانگی ڕەمەزان ئاشكرا دەكات و بەرزترین پلەش دەگات بە 40 پلەی گەرمی.
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئایار، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی ڕەمەزان هاتووە، هەرێمی كوردستان لە ماوەی نێوان نیوەی مانگی ئایار تا نیوەی مانگی حوزیران لە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی توركیا و دەریای ناوەڕاست دەبێت، هەروەها لە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی نیمچە دوورگەی عەرەبی و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سوور دەبێت.
لە ڕاگەیەنراوەكەی دەزگای كەشناسی هاتووە، بەرزترین پلەكانی گەرما لە ماوەی مانگی ڕەمەزان بەگوێرەی ناوچەكان دەبێت و ناوچە شاخاوییەكان لە 25 پلەوە دەست پێ دەكات تا نزیك دەبێتەوە لە 35 پلە لە نیوەی مانگی حوزەیران.
بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەكان لە 27 پلەوە دەست پێ دەكات تا نزیك دەبێتەوە لە 37 پلە لە نیوەی مانگی حوزەیران، ناوچە دەشتایییەكان لە 29 پلەوە دەست پێ دەكات تا نزیك دەبێتەوە لە 39 پلە لە نیوەی مانگی حوزەیران، ناوچەكانی باشووری هەرێم پلەكانی گەرمای لە 30 پلەوە دەست پێ دەكات تا 40 پلە هەندێ رۆژ بەرزتریش دەبێتەوە بۆ سەرووی 40 پلەی سەدی.
لە بەشێكی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، دوای كۆتاهاتنی مانگی ڕەمەزان، هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر كاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمی جا لێرەدا پلەكانی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە، وەرزی گەرمای هاوین بە تەواوی دەست پێ دەكات.