گەورەترین كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی دنیا لە ئێران كشایەوە

:: PM:03:35:17/05/2018 ‌

گەورەترین كۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی دنیا ئاشكرای كرد، سزاكانی ئێران دەبێتە هۆكاری ئەوەی هەر جۆرە بازرگانییەك لەگەڵ ئێران ئاستەم بێت.

بەگوێرەی "شەفەقنا" كۆمپانیای مێرسك بە فەرمی بڵاوی كردەوە، بەهۆی ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا سەپاندوونی، هیچ چارەیەكی نییە جگە لەوەی پێوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئێرندا رابگرێت.

سورن ئێسكۆ یەكێك لە بەرپرسانی باڵای ئەم كۆمپانیایە گوتی، ئێمە لەگەڵ هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا پێوەندیی بازرگانیمان هەیە و كاتێكیش ئەمەریكا دەستی بە سەپاندنی سزاكان بۆ سەر ئێران كردووە، ئەوا چارەی ئێمە ئەوەیە لەم دوو وڵاتە یەكێك هەڵبژێرین و بە هۆی ئەوەی كە پێوەندییە بازرگانییەكان و بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریكا زۆرە، واز لە ئێران دەهێنین.

ئەمڕۆ پێنجشەم كۆمپانیای تۆتاڵی فڕەنسیش باسی لە كشانەوە لە ئێران كرد و گوتی، چالاكییەكانی لە ئێران رادەگرێت. ئەو كۆمپانیایە لەگەڵ كۆمپانیایەكی چینی لە ئێران خەریكی پەرەپێدانی كێڵگەی گاز بوو.

ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بە فەرمی كشانەوەی وڵاتەكەی لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند، دوای ئەوەی رێككەوتنەكە لە سەردەمی باراك ئۆباما، لە دووی نیسان/ئەپریلی 2015 لە نێوان ئەمەریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و فڕەنسا و ڕووسیا و چین، لەگەڵ ئێران واژوو كرا، بەڵام ترەمپ یەكلایەنە لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە، هاوكات هەریەك لە پێنج وڵاتەكەی تر ڕەتیان كردەوە لە ڕێككەوتنەكە بكشێنەوە و پابەندن پێوەی. حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران لە لێدوانێكدا دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنەكە، هۆشداری دایە واشنتن و دووپاتی كردەوە، ئێران لەگەڵ وڵاتانی تری ناو ڕێككەوتنەكە لەسەر جێبەجێكردنی بەند و مادەكانی بەردەوام دەبێت.




وشە - سلێمان تاشان