یوئێن لەسەر هەڵبژاردنی كەركووك هاتە دەنگ

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد، داوا دەكەین كۆمیسیۆن بە زوویی لە سكاڵاكانی بكۆڵێتەوە و ژماردنی دەنگەكان بە دەست ئەنجام بدرێتەوە، داوایشی لە لایەنە سیاسییە ناڕازییەكان كرد، پەنا بۆ ڕێگای یاسایی و ئاشتی ببەن.


ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئایار/مایۆ، یان كوبیش نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق داوا لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەكات بۆ بەزوویی دەستكردن بە لێكۆڵێنەوە ‌لە سەرجەم سكاڵاكان كە لەلایەن قەوارەكانەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردن تۆماركراون.

نوێنەرەكەی سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی، كۆمیسیۆن پێویستە بەزوویی بكەوێتە كار بۆ لێكۆڵینەوە لە هەموو سكاڵاكان، بە گوێرەی پێویست دەستكردن بە هەژماركردنی دەستی لە بنكە دەستنیشانكراوەكاندا بەتایبەتیش لەكەركووك، ئەمەیش گرنگە كە بۆ پتەوكردنی متمانە بە پرۆسەكە هەژماركردنەوەكە بەئامادەبوونی تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكان و بە شێوەیەكی روون ئەنجام بدرێت بۆ ئەم مەبەستەش، نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەی هەموو هاوكارییەكە گەر پێویست بێت.

زیاتر گوتی، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكان دەكەم، بۆ پاراستنی ئاشتی و پابەندبوون بە چارەسەكردنی هەر كێشەیەكی پێوەست بە هەڵبژاردنەوە، پەنا بۆ ڕێگا و شێوازی یاسایی ببەن.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار ژمارەیەكی زۆر لە حزبە بەشداربووەكان داوای هەژماركردنەوی دەنگەكانیان بە دەست كرد، بەهۆی گومانی دەسكاری ئەنجامی هەڵبژاردنەكە كە لە ڕێی ئامێری ئەلیكترۆنی ژمێردراوە و بە مانگی دەستكرد بە ناوەندی سەرەكی كۆمیسیۆن لە بەغدا بەسترابوونەوە.



وشە - رامیار جەواد


PM:04:13:17/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 983 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌