یەكێتی سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات

:: PM:04:37:17/05/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی تر لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن بێنە دەرەوە و كار بۆ داهاتوو بكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئایار/ مایۆ، لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێتی لەمڕۆوە بەرنامەی ئەوەیە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات و لەبارەی قۆناغی داهاتووی كاركردن لەگەڵیاندا گفتوگۆ بكات.

زیاتر گوتی، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی تر لە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن بێنە دەرەوە و كار بۆ داهاتوو بكرێت.

بەرپرسەكەی یەكێتی ڕای گەیاند، ئەگەر كورد بە یەك تیم نەچێت بۆ بەغدا ئەوە زیانێكی گەورەمان بەردەكەوێت و پێویستە تەواوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵی یەك گوتاری بدەین و چیتر لایەنەكانی لەناوخۆ هەوڵی شكاندنی یەكتر نەدەن.

لێدوانەكەی ئەو بەرپرسەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدایە كە ئێستە لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان لە هەوڵدان بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەیش بەهۆی ئەوەی ئەو لایەنانە دەڵێن، "یەكێتی لە سلێمانی ساختەكارییەكی گەورە و ڕێكخراوی ئەنجام داوە" سەرباری ئەوەی گۆڕان دوێنی لە ڕێگەی گوتەبێژەكەیەوە ڕای گەیاند كە ئەوان پێشوازی لە هیچ شاندێكی یەكێتی ناكات.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم