پارێزه‌ری رامین حوسێن په‌ناهی ئاگادار كرایه‌وه‌ له‌وه‌ی له‌ سێداره‌دانه‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێ

:: PM:04:57:17/05/2018 ‌

 

بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە ئاگادارییەکدا باس لە مەترسی لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی دەکەن و داوا لە ئازادیخوازان دەکەن هەڵمەتێک ساز بكه‌ن تا رێگری لە جێبەجێکردنی حووکمی لە سێدارەدانی کورەکەیان بکرێت.

 

 بە گویرەی ئاگادارییەکە  پارێزەری کوڕەکەیان  حوکمی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی بەدەست گەیشتووە و پاریزەرەکەش رامینی لەو پرسە ئاگادار کردووەتەوە.

 

بنەماڵەی حوسێن پەناهی باسیان لەوە کردووە کە هەر ئان و ساتێک مەترسی لە سێدارەدانی رامین لە ئارادایە و ئەم زانیارییەش لە کاتێکدایە کە ماوەی رابردوو رامین بەمەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە، بەڵام دواتر بە هەوڵی گوشاری نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ هۆڵی گشتی گەڕێنرایەوە و لە سێدارەدانەکەی دواخرا.

 

لە بەشیکی ئاگادارییەکە هاتووە " داوا لە سەر جەم كۆمەڵگای كوردی بە گشتی و بە تایبەتی هەموو تێكۆشەرێكی كورد و هەموو ئینسانێكی ئازادیخواز و مرۆڤدوستێك لە سەرتاسەری جیهان دەكەین لەم رۆژانەدا كات و ساتی زۆرتر تەرخان بكەن بۆ ئەوەی بە هەموومانەوە هەڵمەتێكی گشتی نەتەوەیی و ئینسانی لە سەرتاسەری جیهان رێك بخەین بە مەبەستی پێشگرتن بە حوكمی لە سێدارەدانی رامین حسێن پەناهی ، لەم بارەیەوە هاوكاری و هاودەنگی و بەهاناوە هاتنتان بەڵگەیەكی زێڕینی مێژووی گەلەكەمانە كە ئێمە وەكوو بنەماڵەی حوسین پەناهی قەد فەرامووشی ناكەین و دەستی هەمووتان بە گەرمی دەگوشین."

 

لە ژێر گوشاری نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و چالاكانی مەدەنی و یاسایی، رامین حوسێن پەناهی بەندكراوی سیاسیی كورد كە بەمەبەستی لەسێدارەدان لە گرتووخانەی سنە بۆ ژووری تاكەكەسی گواسترابووەوە، بۆ ژوورەكەی پێشووی گواستراوەتەوە كە بە بەندی گشتی ناسراوە و ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت لەسێدارەدانی ئەو دواخراوە.

 

رامین حوسێن پەناهی هاوینی رابردوو گیرا و تۆمەتی ئەوەی بەسەردا سەپێنراوە كە هاوكاری حزبێكی رۆژهەڵاتی كوردستانی كردووە.

 

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش لە بەیاننامەیەكدا داوای لە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران كردبوو، جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانی رامین حوسێن پەناهی، رابگرن.

 

ئەم رێكخراوە رەوتی دادگاییكردنی رامین حوسێن پەناهی بە نادادپەروه‌رەانە هەژمار كردبوو و نووسیبووی لە دادگایەكی نادادپەروەرانەدا ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە و دادگا هیچ گرنگییەكی بە سكاڵای رامین حوسێن پەناهی لەبارەی ئەشكەنجەدانی ئەو لە گرتووخانە نەكردووە.

 

رامین لەو ماوەیەی لە بەندیخانەدا بووە هیچ پارێزەرێكی نەبووە و ناچار كراوە بە زۆر  و لە پێش كامێرا دان بە تاوانەكەیدا بنێت، رامین سەرەتا ئامادە نەبووە هیچ شتێك بڵێت بەڵام ئەویان خستووەتە ژووری تاكەكەسی و دواتر بە خراپیی سزایان داوە و بە زۆر وایان لێی كردووە دان بە تاوانەكەیدا بنێت.

 

پێویستە بگوترێت ئێران لەو وڵاتانەیە كە رێژەی لەسێدارەدان تیایدا بەراورد بە وڵاتانی تری دنیا زۆر بەرزە و زۆریك لەوانەی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە سێدارە دەدرێن، لەسەر بیروڕای سیاسی گیراون، یان تۆمەتی هاوكاریكردن لەگەڵ حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان خراوەتە پاڵ.

 

رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی نزیكەی چوار دەیە لە دەسەڵاتی خۆیدا جگە لە تیرۆر، لە سێدارەدان، برسیكردنی خەڵك، بێكاری، بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەر هیچ بەرهەمێكی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران نەبووە  

 

 



وشە - سلێمان تاشان