بەرەی توركمانی بە خۆپێشاندان ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ڕەت كردەوە

:: PM:05:33:17/05/2018 ‌
بەرەی توركمانی لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر خۆپێشاندانی ساز كرد و رەتكردنەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئایار، گردبوونەوەیەك لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر ئەنجام درا و بەرەی توركمانی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ـی ئایاری عێراق رەت دەكەنەوە و داواش دەكەن كە پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەشێوەیەكی دەستی بێت.

لە بەشێكی ڕاگەیەندراوی بەرەی توركمانیی هاتووە، پشتیوانیی خۆیان بۆ بڕیاری رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لە كەركووك دوپات دەكەنەوە و بڕیاریشیانداوە یاداشتێك لەوبارەیەوە بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نەتەوەیەكگرتووەكانیش بەرز بكەنەوە.

لە ڕاگەیەندراوی بەرەكەدا هاتووە، بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەكان تا دەگەین بە ئەنجامێك و مافەكانی خۆمان وەردەگرینەوە كە ئەویش لە دەستدانی دەنگەكانمانە بە تایەت لە كەركووك.

لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی 12ـی ئایار ناڕەزایەتییەكی زۆر دروست بووە بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و كەركووك كە ئەنجامی بەرایی دەنگەكان لەلایەن چەندتن حزب ڕەت كرایەوە.



وشە - رامیار جەواد