گەورە سەركردەیەكی داعش گیرا گومان دەكرێت ئەبوبەكر بەغدادی بێت

:: PM:06:42:17/05/2018 ‌

ژمارەیەك لە چالاكانی سووریا ئاماژە دەكەن كە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش هەستاون بە ئۆپراسیۆنێكی دابەزاندنی هێزەكانیان لە پارێزگای حەسەكە لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و سەركردەیەكی باڵای داعشیان گرتووە كە پێشبینی دەكرێت ئەبو بەكر بەغدادی بێت.

چالاكانی سووریا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان روونیان كردەوە كە ئۆپراسیۆنەكە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم لە نزیك شارەدێی هۆل لەسەر سنووری سووریا و عێراق لە دەشتی رۆژهەڵاتی حەسەكە بەڕێوە چووە، كە ئەو بەرپرسەی داعش لە عێراقەوە بۆ ناو خاكی سووریا هەڵاتبوو.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی "ئیتیحاد پرێس" كە تایبەتە بە دۆخی سووریا لە چەند سەرچاوەیەكی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە مەبەستی ئۆپراسیۆنەكە گرتنی ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش بووە و ئەوان دووپاتیان كردەوە كە گوێبیستی تەقەیەكی زۆر بوونە لە ناوچەكەدا.

بەپێی تۆڕەكە هێزەكانی هاوپەیمانان كەسایەتییەكی باڵای داعشیان گرتووە، بەڵام تا ئێستا دووپات نەكراوەتەوە كە ئەوان بەغدادیان گرتووە یان دووبارە هەڵاتووە.

ئەو هەواڵە لە دوای دوو هەفتە دێت لە قسەكانی ئەبو عەلی بەسڕی، بەڕێوەبەری گشتیی كاڕگێڕی هەواڵگری و نەهێشتنی مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەوەی هەواڵگری عێراق حەشارگەیەكی بەغدادیان لە پارێزگای دێرزووری سووریا ئاشكرا كردووە لە نزیك سنوورەكانی عێراق، كەچی دواتر هەواڵەكەی رەت كردەوە، كە "فۆكس نیوز" بڵاوی كردبووەوە.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل