ئێران هەوڵی زیندووكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە دەدات

:: PM:06:45:17/05/2018 ‌

ژمارەیەك لە سەرانی لیستەكانی ناو هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە)ی لێكترازاو، ئەمڕۆ پێنجشەم داوای سازكردنی كۆبوونەوەیەكیان كردووە بە بەشداری هەموو لایەنە براوەكانی شیعە لەوانەش سەدرییەكان بۆ تاوتوێكردنی رێكخستنەوەی هاوپەیمانیەتییەكە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار لەناو هاوپەیمانیەتییەكە ئاشكرای كردووە كە هەریەك لە عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمە و نووری مالیكی سەركردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەركردەی لیستی (فەتح) و ئیبراهیم جەعفەری سەرۆكی پێشووی هاوپەیمانی نیشتیمانی و حەیدەر عەبادی سەركردەی لیستی (نەسڕ) و هیتریش لە سەرانی شیعە داوای سازكردنی كۆبوونەوەیەكیان كردووە بە بەشداریكردنی سەدر بۆ تاوتوێكردنی رێكخستنەوەی هاوپەیمانیەتییەكە و پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمانی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.

بەپێی سەرچاوەكە لەو كۆبوونەوە ئەگەر ساز كرا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەكرێت دووپاتی كردەوە كە ئەو كۆبوونەوەیە تا ئێستە نەكراوە و لایەنەكان چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دەكرێت تا هەریەك لەو بارستانە قەبارەی خۆی بۆ دەركەوێت ئینجا وادەی كۆبوونەوەكە دیاری دەكرێت، بۆیە رانەگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكەی دوا خستووە نەوەك ناكۆكی سیاسی.

دوێنێ چوارشەم موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر داوای لە سەرانی هاوپەیمانیەتییە براوەكانی هەڵبژاردن كرد بۆ كۆبوونەوە و رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكرات، ئەو لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبوی، سەرەڕای ناكۆكییەكانمان، بەڵام با بەدوای خاڵە هاوبەشەكانماندا بگەڕێین و بەبێ دەستبەرداربوون لە بەها جێگیرەكانمان، بۆیە یا گفتوگۆ بكەین. دووپاتی كردەوە كە داوا لە سەرانی هاوپەیمانیەتییە نوێكان دەكەم بۆ كۆبوونەوە و دەرگەی منیش كراوەیە و دەستم درێژكردووە لەپێناو بنیاتنانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتێكی پاكی تەكنۆكرات. 

لای خۆیەوە حەسەن ساڵم سەركردە لە لیستی (فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری ئاشكرای كرد كە پێوەندیكردن و راوێژكاری لە نێوان (دەوڵەتی یاسا) و (فەتح) و (نەسڕ) و (حیكمە) هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

زیاتر گوتی، راوێژكاری و گفتوگۆكان بەردەوامن لە نێوان هەریەك لە ئەو لیستانەی باس كران لەپێناو راگەیاندنی گەورەترین بارستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، زیاتر گوتی، بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە هەڵبژاردن لەلایەن هاوپەیمانی (سائیروون) مانای ئەوە نییە كە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ ئەو دەبێت، چونكە دادگەی فیدراڵ لە 2010 باس لەوە دەكات كە گەورەترین بارستەی پێكهێنەری حكوومەت لە دوای هەڵبژاردن لە ئەنجامی هاوپەیمانیەتییەكانەوە دروست دەبێت.

پێ دەچێت كە هەڵبژاردنەكانی عێراق بچێتە ناو تەنگژەیەكی نوێ تا گەیشتن بە سازانی لایەنە سەرەكییە براوەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و دابەشكردنی پۆستەكانەوە، بۆ ئەوەش پرسی دووبارە هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان و كێشەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان و باسكردنی ئەو پرسە لەناو پەرلەمان و هەوڵدان بۆ لێپرسینەوە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هۆكار بن بۆ دوا كەوتنی راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكانی هەڵبژاردنەكە.

دوێنێ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رای گەیاند كە ئەنجامی كۆتایی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوو رادەگەیەنرێت، واتە سبەی هەینی، بەڵام ئەمڕۆ هەر كۆمسیۆن رای گەیاند كە ئەنگە نەتوانن لەو وادەیە رای بگەیەنن، كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی ناكۆكی و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامەكان، وەیا ترس لە دروستبوونی دۆخێكی نەخوازراو لە دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانەوە.

ئاژانسی (رۆیتەرز) رای گەیاند كە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە بەغدایە و گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك سیاسەتوانی شیعە دەكات بۆ هاندانیان بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پێكهێنەر بۆ حكوومەتی نوێی عێراق كە بە دڵی ئێران بێت. بۆ ئەو مەبەستە ئەو میانگیری لە نێوان سەدر و سەرانیتری شیعە دەكات كە نەیاری سەدرن.

دوور لە هەوڵەكانی ئێران، هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی (سوننە) رایان گەیاندووە كە لیستەكانی (سائروون) و (نەسڕ) و (حیكمە) لەوان نزیكترن بۆ دروستكردنی هاوپەیمانیەتی ئەگەر بتوانن گەرەنتی پاراستنی مافەكانی سوننە بكەن، لەو بارەوە تامی مەجمەعی، كاندیدی لیستەكە ئاماژەی كرد كە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو درێژخایەن دەبێت بەهۆی بوونی ململانێ لە نێوان بارستەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە.  

لای خۆیەوە رەوتی حیكمە لەسەر زاری رەعد حوسێنی، سەركردە لە رەوتەكە رای گەیاند كە ئەوان لە گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستە براوەكان بەردەوام دەبن و لە هەمووشیانەوە بە هەمان مەودا دوورین و تا ئێستە نەگەیشتووینەتە لێكگەیشتن و رێككەوتنی كۆتایی كە پێ دەچێت گفتوگۆكان كاتی زۆر بخایەنێت. 

لای خۆیەوە سەعد موتەڵەبی سەركردە لە دەوڵەتی یاسا ئاماژەی كرد كە لیستەكانی (فەتح) و (نەسڕ) لە (دەوڵەتی یاسا) نزیكترن بۆ پێكهێنانی گەورەترین بارستەی ناو پەرلەمان، هاوكات دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ (سائیروون) سەخت و دوورە و دووپاتی كردەوە كە چەند لایەنێكی كورد و سوننە پێوەندیان بە مالیكییەوە كردووە و نیازیان هەیە بێنە ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەناو پەرلەمانی عێراق. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل