بڕیاری هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بەدەستی كێیە؟

:: PM:08:23:17/05/2018 ‌

دوای ناڕەزاییەكان لەبەرانبەر كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و سیستەمی كاركردنی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا شەمووی داهاتوو لە دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمان ئەو پرسە تاوتوێ بكات، ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، ئەو ماوەی تەمەنی پەرلەمان ماوە ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ كۆمسیۆن بكات.

بەپێی نووسراوێك سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا كە شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێكردنی سكاڵاكانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە شەمووی رابردوو بەڕێوە چوو، دانیشتنێكی نائاسایی ساز بكات. 

هەر لەو بارەوە سەلیم شەوقی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان رای گەیاند كە لە دانیشتنەكەدا تاوتوێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەكرێت و ئاماژەی كرد كە پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە كە بڕیار دەربكات بە پەنابردنەوە بۆ هەژماركردنی بەدەستی دەنگەكان.

زیاتر گوتی، دانیشتنەكە گفتوگۆ لەبارەی پێشێلكارییەكان دەكرێت و رەنگە كۆمسیۆن خۆی داوای مێوانداریكردنی بكات بۆ تاوتوێكردنی رێوشوێنەكانی وەری گرتوون لە بەرانبەر ئەو سكاڵایانەوە و دووپاتی كردەوە كە ئەو ماوەی لە تەمەنی پەرلەمان ماوە بەشی ئەوەندە ناكات لێپرسینەوە لەگەڵ كۆمسیۆن بكرێت.

شەوقی ئاماژەی كرد كە بەپێی یاسا پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی نییە كە بڕیاڕی پەنابردنەوە بۆ هەژماركردنەوەی بەدەستی دەنگەكان بدات و تاكە لایەن كە ئەو دەسەڵاتەی هەیە كۆمسیۆنەكە خۆیەتی، ئەوەش دوای چاوخشاندنەوە بە سكاڵاكان دەبێت كە بەڵگەی سەلمێنراویان لەبارەی بێتوانایی ئەو ئامێرانە لە هەژماركردنی دەنگەكان بسەلمێنن.

دوای ئەوەی شەمووی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو و لە چەند رۆژی رابردووش كۆمسیۆن ناوە ناوە ئەنجامە بەراییەكانی راگەیاند و بڕیاریشە سبەی هەینی ئەنجامی كۆتایی رابگەیەنێت، چەند لیست و قەوارەیەكی سیاسی ناڕەزاییان لەبارەی ئامێرەكانی دەنگدانی ئەلیكترۆنی و شێوازی هەژماركردنی دەنگەكان دەربڕی و ئەوان داوای بەدەست هەژماركردنەوەی دەنگەكان دەكەن.

سەرچاوە/ سۆمەرییە 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل