لە سلێمانی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی گرانی نرخ لە بازاڕ دەدرێت

:: PM:08:26:17/05/2018 ‌
لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سلێمانی وریایی دەداتە ئەو شوێنانەی كە نرخ بەرز دەكەنە و رای دەگەیەنێت، ڕووبەڕووی سزای یاسای دەبنەوە.

بەردەوام لەكاتی هاتنی مانگی رەمەزان نرخی شمەك و پێوسیتیەكانی هاووڵاتییان بەرز دەبێتەوە فرۆشیارانیش پێیان وایە، كاتێك شمەكێك خواستی زیاد دەكات نرخەكەشی بەرز دەبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی ئایار/ مایۆ، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ رێگرتن لە بەرز بوونەوەی نرخی شمەك و كاڵاكان لیژنەكانی چاودێری بازاڕ بەیانیان و ئێواران بە بازاڕ و شوێنەكان دەگەڕێن هەر كەسێك نرخی بەرز كردبێتەوە سزای دەدەن.

زیاتر گوتی، پێش مانگی ڕەمەزان نمونەی سەرجەم پێویستییەكان و خواردەمەنییەكان لە نرخدا وەرگیراوە هیچ دووكان و فرۆشیارێك ناتوانێت نرخەكان لە خۆیەوە بەرز بكاتەوە ئەگەر پێوەندی بە عەلوەوە نەبێت.

ڕوونیشی كردەوە كە  تا ئێستا تەنیا نرخی مریشك بەرزبووەتەوە ئەوەیش پێوەندی بە كێڵگەكانەوە هەیە لەگەڵ نرخی خەیار، چونكە ئێستە ئەویش لە بازاڕ كەم بووەتەوە و وەك جاران نەماوە.

هەندێ لە دووكاندارەكانی كۆڵان و گەڕەكەكان نرخی شمەك و خۆراكەكانیان بۆ 250 دینار لە كیلۆیەك دا بەرزكردووەتەوە. سۆران غەفوور وریای دایە ئەو شوێنانە و گوتی" لیژنەكانمان بە فراوان لە هەموو شوێنێك دەگەرێن هەر كەس نرخی زیاد كردبێت رووبەرووی یاسا دەبێتەوە.

لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان خواست لەسەر كەلوپەل و شمەك و كاڵاكان زیاد دەبێت و بەهۆیەوە نرخەكانیان بەرز دەبێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم