پەنابەرێكی كوردی بەریتانیا لەدژی دیپۆرت كردنەوەی دەمی خۆی دەدورێت، پەنابەرەكە چوار منداڵی هەیە و پێشتر جارێكی تر دیپۆرت كراوەتەوە.
ئەمڕۆ پینجشەم 17ـی ئایار، فیدراسیۆنی پەنابەرانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، دانا عەبدوڵا ئەو پەنابەرە كوردەی ماوەیەكی زۆرە لە گرتوخانەی "كۆڵن برۆك" لە لەندەن راگیراوە لە دوێنێوە لە نارەزایەتی بەرانبەر بەهێشتنەوەی لە زیندان دەمی خۆی دووریوە.
پێشتر دانا بە فیدراسیۆنی پەنابەرانی راگەیاندووە، ماوەی 17 ساڵە لەوڵاتی بەریتانیا ژیان بەسەر دەبەم خاوەنی چوار مناڵم، ساڵی 2015 جارێكی تر دیپۆرتی بەغدایان كردمەوە سێ مانگ لەزیندانی فڕۆكەخانە رایان گرتم و دوو دەفتەر دۆلارمدا تا بەریاندام.
دەشتی جەمال سكرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی سەبارەت بەدۆخی ئەو پەنابەرە ڕای گەیاندووە، سەرباری ئەوەی لەگەڵ هیچ نارەزایەتیەكدا نین كە ئازار بەجەستە بگەیەنێت، بەڵام بەداخەوە پاڵەپەستۆی زۆری حكوومەتی بەریتانیا ژیانی دانا و مناڵەكانی ناچار بەدەم بەستن كرد.
بەهۆی خراپی ڕەوشی عێراق و بەردەوامی تەنگژەكانی بەشێكی زۆری دانیشتووی ئەو وڵاتە بڕیاری جێهێشتنیان داوە و لە كەمپەكانی وڵاتانی ئەوروپا دەژین.