سەدر دەست بە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیكردن دەكات

:: PM:09:22:17/05/2018 ‌

دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لیستی (سائیروون)ی سەر بە موقتەدا سەدر لە پلەی  یەكەم هات، موقتەدا سەدر داوای كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەكان كرد و ئەمشەو لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی (حیكم) كۆبووەوە و لەگەڵ ئەیاد عەلاویش قسەی كرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەم موقتەدا سەدر لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی وەتەنییە و سەعد جەنابی سەرۆكی پارتی گردبوونەوەی كۆماری عێراقی باسی لە پەرەسەندنەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كرد، بەتایبەتی لە دوای كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

نووسینگەی راگەیاندن سەدر ئەمڕۆ پێنجشەم رای گەیاند كە سەدر لەو پێوەندیانەدا باسی داهاتووی پرۆسەی سیاسی و شێوازی تێپەڕاندنی سەختییەكان لە پرۆسەكە كرد تا گەیشتن بە سەقامگیری و چەسپاندنی یەكێتی نیشتیمانی و كردنی بە بناغەی هەر گفتۆگۆیەك. ئەیاد عەلاوی پیرۆزبایی لە سەدر كرد بەبۆنەی ئەنجامی لیستی (سائیروون) بەدەستی پێناوە.

هەر لەو ناوەشدا ئەمشەو موقتەدتا سەدر و عەمار حەكیم لە نەجەف كۆبوونەتەوە و رەوتی حیكمە ئاشكرا كرد كە رەنگە لەو كۆبوونەوەیەدا هاوپەیمانیكردن لە نێوان هەردوو لیست رابگەیەنرێت.

رەعد حوسێنی، سەركردە لە رەوتی حیكمە لەو بارەوە رای گەیاند كە رنگە هاوپەیمانی لە نێوان حیكمە و سائیروون بێتە ئاراوە و لە كۆتایی كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش ساز دەكەن.

ئاماژەی كرد كە ئەوان لە كۆبوونەوەكە باسی دیاریكردنی هێڵەكانی گشتیی حكوومەتی داهاتووی عێراق دەكەن و لەسەر پڕۆگرامی ئەو حكوومەتە رێك دەكەون، هەروەها باسی میكانیزمی دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق و ئەوەی لەسەری پێویستە دەكەن.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل