خۆپێشاندانەكانی ئێران درێژەیان هەیە.. ئەمەریكا پشتیوانی دەكات

:: AM:09:41:19/05/2018 ‌

 خۆپیشاندانەكانی ئێران لە پارێزگای فارس درێژەیان هەیە و تا دێت توندوتیژییەكانی ئەو خۆپیشاندانە زیاتر دەبن، تائێستە سێ خۆپێشاندەر كوژراون. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش لەبارەی خۆپێشاندانەكانی ئێران هەڵویستی وەرگرت و پاڵپشتی كرد.

خۆپێیشاندانەكانی كازرون لە پارێزگای فارس بەرفراوانتر بووە و دوای ئەوەی ژمارەیەك خۆپێشاندەر كوژران و دەیان كەسیش لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كران.

ئەوان دوێنێ هەینی لە خۆپێشاندانێكدا داوایان كرد گیراوەكانیان ئازاد بكرێت. خۆپێشاندەران رۆژی هەینی تووڕەتر لە رۆژانی پێشتر هاتنە سەر شەقامەكان، بانكێكی حكوومییان سووتاند و زیانیان بە ئۆتۆمبێلەكان گەیاند. ئەوان رۆژی پێنجشەمیش دوو ئۆتۆمبێلی پۆلیسیان ئاگر تێبەردابوو.

ئێستە حكوومەتی ئگران هێزی تایبەتیی سەركوتی خۆپێشاندانی رەوانەی كازرون كردووە و هێڵەكانی ئەنتەرنێتیشی پچڕاندووە.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكانی ئێران كرد و لە تویتەكەی خۆیشی هەواڵی كوژرانی ژمارەیەك لە خۆپێشاندەرانی ئێرانی بڵاو كردەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نووسیویەتی پشتیوانی تەواو لەو خەڵكە دەكات كە خەریكی خۆپێشاندانن دژی ئێران و پچڕانی ئینتەرنێت و كوژرانی سێ هاووڵاتیی خۆپێشاندەریش، دەریدەخات ئەم حكوومەتە چەندە ستەمكارە.

جگە لەو بەرپرسە باڵایەی ئەمەریكا ماركۆ رۆبیۆ سێناتۆری كۆماریخواز لە ویلایەتی فلۆریداش داوای لە میدیاكانی دنیا كردووە رووماڵی رووداوەكانی ئێران بكەن، ئەو پشتیوانی لە هەڵویستی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە.

شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەمی هەفتەی رابردوو بوو كە رووبەڕووبوونەوە لە نێوان خەڵك و پۆلیس سەری هەڵدا و ژمارەیەك خۆپیشاندەر كوژران. سەرەتا خەڵك لە رێی راگەیەنراوێكی تێلیگرامەوە لە شوێنی خۆپێشاندان كۆ بوونەتەوە و هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی پۆلیس لە سەنتەری شاری كازرون.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ناڕەزایەتی خەڵكی كازرون بەهۆی پرسێكی ئیداری شارەكەیانە و پێشتریش چەندان جار خۆپێشاندانیان كردووە، بەڵام یەكەم جارە ئەو خۆپێشاندانەیان بە توندوتیژی دەگات.

بڕیارە بەگوێرەی دوایین دابەشكاری ئیداری شار و شارۆكەكان، هەندێك بەشی كازرون جیا بكرێتەوە و بە شارێكی تر گرێ بدرێت بە ناوی كوهچنار كە تازە كراوەتە شار.

خۆپێشاندانەكانی پێشتر هۆكار بوو لەوەی حكوومەت لەو بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە. ئەوان دوو مانگ لەمەوبەر دروشمی توندیشیان دژی رژێمی ئێران دا و گوتیان، "دوژمنی ئێمە هەر لێرەیە، درۆیە دەڵێن ئەمەریكایە."

لە ئێران خۆپێشاندان بۆ هەر مەبەستێك بكرێت، دواجار دروشم دژی رژێم دەدرێ و هۆكارەكەشی ئەوەیە بە گشتی لە ئێران خەڵك لەو رژێمە بەزاڵە هاتووە و بچووكترین دەرفەتی بۆ بڕەخسێت حەز دەكات دژی بوەستێت و كوڵی دڵی خۆی هەڵبڕێژێت.




وشە - سلێمان تاشان