توركیا بە شێوەیەكی نایاسایی لە تەكنەلۆجیای ناوكی یارمەتی ئێرانی داوە

:: AM:11:20:19/05/2018 ‌

كۆمپانیایەكی ئیسرائیلی كە هەندێك ئامراز و تەكنەلۆجیای پێوەندیدار بە وێستگە ناوكییەكان بەرهەم دەهێنێت، كەلوپەلەكانی بە كۆمپانیایەكی توركی فرۆشتووە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بۆ توركیا بگوازرێنەوە، كەلوپەلەكان بۆ ئێران گواستراونەتەوە.

ئیسرائیل پێی وایە ئەردۆغان پەیماننامە و رێككەوتنەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی پێشێل كردووە و تەنانەت ئیسرائیلیشی فریوە داوە.

رادیۆ ئیسرائیل بڵاوی كردەوە ئەو پرسە گەیشتووەتە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و لێكۆڵینەوەی تەواوی لەسەر كراوە، چونكە بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، نابێ هیچ ئامێرێك بە ئێران بفرۆشرێت یان یارمەتیدانی گواستنەوەی بۆ ئێران بكرێت كە لە تەكنەلۆجیای ناوكیی سوودیان لێ وەردەگیرێت.

 لە لێكۆڵینەوەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوە روون بووەتەوە كە ئەو ئامێرەی بۆ ئێران گواستراوەتەوە فتیلەیەكی ئەلیكترۆنییە كە لە پیشەسازی ناوكیدا سوودی زۆری لێ وەردەگیرێت.

كۆمپانیاكە دەڵێت بە هیچ شێوەیەك ئاگایان لەو پێوەندییە بازرگانییە نەبووە كە توركیا لەگەڵ ئێران رێكی خستووە و كۆمپانیا توركییەكە ئیسرائیلی فریو داوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە ئیسرائیل كردووە لەوبارەیەوە دەست بە لێكۆڵینەوەی ورد بكات.







وشە - سلێمان تاشان