لە سلێمانی منداڵێك باوكی لە خەودا کوشت

:: AM:11:28:19/05/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو لە گەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی كوڕێكی تەمەن 12 ساڵ باوكی خۆی دەكوژێت و لە ماوەی مانگێكیشدا لە سلێمانی چوار كەس كوژراون و خۆیان كوشتووە. 

سەردار محەمەد بەڕێوەبەەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی ڕأگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانیان ئاگادار كرانەوە لە ڕووداوێكی كوشتن، دوای گەیشتنیان بە شوێنی ڕووداوەكە، دەركەوت پیاوێك لە لایەن كوڕەكەیەوە كوژراوە.

ئەو كەسەی كوژراوە ناوی (م، ع، ع) و لە دایكبووی ساڵی 1985، ئەمڕۆ شەموو لە گەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی ئەو ڕووداوە ڕووی داوە. كوڕەكەش تەمەنی تەنیا 12 ساڵە و باوكی لە خەودا بووە و بە دەمانچەكەی باوكی ئەو كارەی كردووە، منداڵەكەش گیراوە.

ئەو روونی كردەوە، منداڵەكە ڕەوانەی پۆلیسی نەوجەوانان دەكرێت و لە ڕێی دادوەری تایبەتەوە سزا و حوكم دەدرێت.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگ  لە شاری سلێمانی چوار كەس كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كەسێك لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود كوژراوە، هەروەها لە گەڕەكی شەكرەكە كەسێك خۆی كوشتووە، لە گەڕەكی زەرگەتەش تەرمی ژنێك دۆزراوەتەوە، هاوكات لە شارەدێی عەربەتیش تەرمی منداڵێك دۆزراتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سلێمان تاشان