‌كچە جوانەكەی دهۆك بوو بە پەرلەمانتار و قسەی هەیە

:: PM:01:11:19/05/2018 ‌

لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە پارێزگای دهۆك كچە كاندیدێكی مەسیحی لەسەر لیستی "ئەنجوومەنی كلدان سریان ئاشووری" بووە بە جێی قسەوباسی میدیا و تۆڕەكانی كومەڵاتی، بەهۆی جوانییەكەیەوە وای كرد خەڵكێكی زۆر باسی بكەن و تەنانەت لە زاخۆ چەند گورانییەك بەسەر جوانییەكەیدا تۆمار كران.

رەیحان حەنا ئەیووب، ئەو كچە مەسیحییەی لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتای هەڵبژاردندا ناوی وەك پەرلەمانتار بڵاو كرایەوە، بە"وشە"ی راگەیاند كە زۆر دڵخوشە بەوەی وەك ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی كۆتا لە پارێزگای دهۆك سەركەوتنی بەدەست هێناوە و و دووپاتی كردەوە، "لەمڕۆ بەدواوە زیاتر خزمەت بە خەڵكی كوردستان بە گشتی و كەمینەكان بە تایبەتی دەكەم".

زیاتر گوتی "بەپێی ئەنجامە فەرمییەكانی كومسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، من دەنگم هێناوە و دەرچووم، بەوەیش بووم بە یەكەمی ناو لیستی كۆتاكان كە كورسییەكە بەر لیستی ئەنجوومەنی گەلی كلدان سریان و ئاشووری كەوت".

رەیحان لەبارەی جوانییەكەیەوە دەڵێ، "جوانی هیچ كاتێك نابێتە پێوەر بۆ خۆكاندیدكردن و سەركەوتنی هیچ كەسێك، بەڵام ئاسایییە كاندیدێكی جوان و خاوەن ئەزموونیش بچێتە كێبەركێی هەڵبژاردنەوە و خۆی كاندید بكات، من ئەزموونێكی باشی یاساییم هەیە و دەتوانم خزمەتێكی باش بە پرسە گرنگەكانی كوردستان و پێكهاتەكانی بكەم لە پەرلەمان".

رەیحان خەڵكی شارۆكەی زاخۆیە و لە ماوەی رابردوودا وەك پارێزەر لە دادگای زاخۆ كاری كردووە. بە پێنج هەزار و 458  دەنگ بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر بازنەی پارێزگای دهۆک.

كۆتاكانی مەسیحی لەسەر ئاستی عێراق یەك بازنەی هەڵبژاردنیان هەبوو، واتە مەسیحییەك لە بەغداوە دەتوانێ نوێنەرایەتی مەسیحییەكانی دهۆك بباتەوە ئەگەر دەنگی زۆرتری مسۆگەر كرد.

نەوزاد هلۆری









وشە - سلێمان تاشان