ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر راپەڕینە مەزنەكەی رواندز تێپەڕی

:: PM:01:54:19/05/2018 ‌

ئەمڕۆ شەموو 31 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر راپەڕینی شارۆكەی رواندز دژی رژێمی بەعس تێدەپەرێت . بەهۆی راپەڕینەكە چەندان كەس شەهید بوون، بەڵام شكۆی رژێم لە سنوورەكە بە تەواوی شكێنرا.  

كوێستان ئەحمەد  قایمقامی شارۆكەی رواندز بە "وشە "ی راگەیاند، بەرەبەیانی 19ی ئایاری 1987، خەڵكی تێكۆشەری رواندز دژی دڕندەترین رژێم راپەڕین و توانییان رۆژێكی پرشنگدار و دەسكەوتێكی مێژوویی و پڕ لە سەروەریی بۆ رواندز تۆمار بكەن. 

ئەو دەڵێت "كاتێك جەماوەری رواندز راپەڕی، ڕژێمی بەعس لەوپەڕی بەهێزی دەسەڵاتدا بوو، بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵام هەڵوێستی ئازایانەی جەماوەر زۆر لەوە بەهێزتر بوو، توانییان بەرگری لە كەرامەت و زێدی خۆیان بكەن. تەواوی چین ‌و توێژەكانی رواندز، بەبێ‌ جیاوازی دژی رژێمی بەعس راپەڕین. "

كوێستان ئەحمەد ئاشكرای دەكات كە راپەڕین كاتێك دروست بوو بەعس شكستێكی سەربازی گەورەی خواردبوو، بەرامبەر هێزی پێشمەرگە لە هێرشێك بۆ سەر گوندەكانی دۆلی ئاكۆیان، بۆیە لە بەرانبەر ئەوەدا رژێم دەیویست بە پاڵپشتی هێزێكی گەورەی سەربازی، خەڵكی رواندز ئازار و ئەشكەنجە بدات و خانووەكانیشیان تێك بدات. بەڵام جەماوەر لە ئاست ئەم دڕندایەتییە خۆی پێ‌ ڕانەگیرا و یەكەمین فیشەكی ڕاپەڕین بە رووی دوژمن تەقاند و دواتریش لە تەواوی  كۆڵانەكانی شار راپەڕین دەستی پێ كرد، لە ئەنجامدا رژێمی بەعس لە رواندز شكستێكی گەورەی سیاسی ‌و سەربازی خوارد. تەواوی دەزگاكانی رژێم كەوتنە ژێر دەستی جەماوەر. بۆیە ئەو رۆژە بووە رۆژێكی مێژوویی و گرینگ و پڕشنگدار لە مێژووی پڕ لە سەروەری رواندز.

بەبۆنەی ئەو دەستكەوتە و یادە مێژوویییەكەی، قایمقامی رواندز پیرۆزبایی گەرم لە خەڵكی تێكۆشەر و قارەمانی رواندز و دۆڵی ئاكۆیان و دۆڵی خانەقا و وەرتێ‌ و دۆڵ مەنجەڵ دەكات.

 راپەڕینی رواندز كە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا كرا، بە ورەی پۆلاینی خەڵك‌ و بە خوێنی چەند شەهید و بریندارێك سەركەوت بەسەر رژێمێكی دیكتاتۆر. دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر راپەڕین، رژێمی بەعس بۆ تۆڵەكردنەوە لە خەڵكی رواندز، 13 رۆڵەی شارەكەی بێ‌ سەروشوێن كرد.

رواندز لە ساڵی 1890 لە سەردەمی عوسمانییەكان پارێزگا بووە، لە ساڵی 1923 بووەتە شارۆكە و یەكەم قایمقامی بەناوی "سەید تەها " بووە، لە ساڵی 1980 بە بڕیاری بەعس كراوەتە شارەدێ، هەروەها ساڵی 2008 جارێكی تر بە بڕیاری حكوومەتی هەرێم كراوەتەوە شارۆكە. لە رواندز 26 فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی حكوومی هەن. ژمارەی دانیشتووانی رواندز بە گشتی 35 هەزارە و دانیشتووانی ناوەندی شارۆكە 15 هەزار كەسە، دانیشتووانی ناوچەكە زیاتر پێشمەرگەن و كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداریش دەكەن، بەشێكی تریان فەرمانبەری حكوومین.

رواندز /موڕشید برادۆستی




وشە - سلێمان تاشان