رووسیا بۆ یەكەم جار داوای كشانەوەی ئێران لە سووریا دەكات

:: PM:03:28:19/05/2018 ‌

رۆژێك دوای لێدوانێكی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا كە گوتبووی هێزە دەرەكییەكان پێویستە لە سووریا بچنە دەرەوە، نوێنەری تایبەتی پوتین بۆ كاروباری سووریا گوتی ئەمە هەریەك لە ئێران و حزبوڵای لبنانیش دەگرێتەوە و دەبێت واز لەم وڵاتە بهێنن.

سەرۆكی رووسیا رۆژی پێنجشەم لە سۆچی چاوی بە بەشار ئەسەد كەوت و گوتبووی لە قۆناغی سەپاندنی ئاشتی لە سووریا پێویست دەكات سەرجەم لایەنە بیانییەكان وڵاتەكە جێ بهێڵن.

ئەلكساندر لاورنتیف نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین بۆ كاروباری سووریا بە ئاشكرا مەبەستەكەی پوتینی بۆ رۆژنامەنووسان شی كردەوە و گوتی مەبەستی پوتین سەرجەم لایەنەكانە بە حزبوڵای لبنان و ئێرانیشەوە، هاوكات هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و توركیا و وڵاتانی تریش دەبێت لە سووریا بكشێنەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەمە یەكەم جارە رووسیا باس لە چوونەدەرەوەی ئێران دەكات و ئێرانیش بەمە نیگەران بووە و تەنانەت میدیاكانی شیكردنەوەیان بۆ كردووە و گوتوویانە ئەمە تەنیا بۆچوونی نوێنەرەكەی پوتینە.

لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا  ئێران رۆڵێكی كاریگەری لە پاراستنی رژێمی بەشار ئەسەد هەبووە و بە دەیان ملیار دۆلاری لێ خەرج كردووە. ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەكان بە تەواوی لە جموجۆڵە سەربازییەكانی ئێران لە سووریا نیگەرانن.

رووسیا لەم هەڵوێستەیدا باسی لەوە نەكردووە كە هێزەكانی وڵاتەكەی لە سووریا دەكشێنێتەوە یان نا، بەڵكو گوتبووی رووسیا لەسەر داوای حكوومەتی سووریا هاتووەتە ئەو وڵاتە و دوو بنكەی سەربازیشی لەم وڵاتە هەر دەمێنێتەوە.





وشە - سلێمان تاشان